سەردێڕ:

​بەغدا.. لە گۆڕەپانی جادرییە خۆپیشاندان دژى هێزەکانی ئەمریکا دەستیپێکرد

داوای دەرچوونى هێزە بیانییەکان دەکەن
فۆتۆ: 
2020-01-24

3081 جار خوێندراوەتەوە

 پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند، لە دوای داواکەی موقتەدا سەدر هەزاران  خۆپیشاندەر لە بەغدا لە دژى مانەوەى هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەستیان بە خۆپیشاندان کرد.

ئومێد محەمەد پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە بەغدا ڕایگەیاند، "لە دوای داواکەی موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدرەوە، بە هەزاران کەس لە ئێستادا لە ناوچەی جادریەی بەغدا کۆبوونەتەوە و دەستیان بە خۆپیشاندان کردووە".

ڕاشیگەیاند، "دروشمی خۆپیشاندەران چوونە دەرەوەی هێزە بیانییەکانە لە عێراق  و داوای جێبەجێکردنی بڕیارەکەی ئەنجومەنی نوێنەران دەکەن لەلایەن حکومەتەوە بۆ چوونە دەرەوەی هێزە بیانییەکان".

باسی لەوەشكرد، " وەک ڕێوشوێنێک بۆ پاراستنی گیانی خۆپیشاندەران، هێزە ئەمنییەکان پردی جادریە و پردی دووقاتیان داخستووە".

ئاماژەی بەوەشکرد، "حەشدی شەعبیش بەڵێنی ئەوەیان داوە کە خۆپیشاندانەکە ئاشتیانە بێت و خۆپیشاندەران ناوچەی سەوز تێنەپەڕێنن و تێکەڵی خۆپیشاندەرانی تەحریر نەبن".

ڕاشیگەیاند، "تا ئێستا بڕیارە خۆپیشاندانەکە یەک ڕۆژ بێت، بەڵام ئەگەری مانگرتن و هەڵدانی خێمەش لە ئارادایە".

باسی لەوەشکرد، "لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕێوشوێنێکی توند بۆ پاراستنی خۆپیشاندەران گیراوەتە بەر و لە پێناو ئەوەی گرژی نەکەوێتە ناو خۆپیشاندانەکانەوە".

ئەوەش لە کاتێکدایە، پێشتر شەقامەکان لە بەغدا و بەسرە و کەربەلا و چەند پارێزگایەکی دیکەشدا، چەندین گرژی و ئاڵۆزییان لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا بەخۆیانەوە بینی.

لەو بارەیەوە دوێنێ پێنجشەممە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا رێکاری ئەمنیی توندی لە دەوروبەری باڵیۆزخانەکەی گرتەبەر، کە ئەمەش وەک هەنگاوێکە لە ئەگەری روودانی هەر رووداوێکی نەخوازراو بەهۆى خۆپیشاندانەکانەوە بوو و هاوکات، باڵیۆزخانەکەش لە دەوروبەری باڵەخانەکەی بەربەستی کۆنکرێتی لەبەردەم دەروازەکانی باڵیۆزخانەکەی دانابوو و ئاماژەی هۆشدارییش لە نزیکنەبوونەوە لە بیناکە دانرابوو.

هـ.ئـ