سەردێڕ:

نێچیرڤان بارزانی: تا ئێستا لەگەڵ بەغدا لەسەر وردەکاری رێککەوتنە نەوتییەکە ڕێنەکەوتووین

فۆتۆ: 
2020-01-24

8443 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، تا ئێستا لەگەڵ بەغدا لەسەر وردەکاری رێککەوتنە نەوتییەکە ڕێنەکەوتووین و بۆیە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز رایگەیاندووە، هەرێم هێشتا دەستی نەکردووە بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی نوێی نەوت لەگەڵ بەغدا، چونکە تا ئێستا لەگەڵ بەغدا لەسەر وردەکاری رێکەوتنەکە ڕێنەکەوتوون.

سەرۆکی هەرێم ئاماژەی بەوەکردووە، هەرچەندە واژۆیان لەسەر رێککەوتنەکەیان لەگەڵ بەغدا کردووە بەڵام لەسەر وردەکارییەکانی رێکنەکەوتوون و ئێستاش بەغدا حکومەتی کاربەڕێکەری هەیە.

ئەمەش لە کاتێکدایە پێش سەرهەڵدانی  خۆپیشاندانەکان لە ساڵی ڕابردوو هەرێم و بەغدا دوای چەندین کۆبوونەوە ڕایانگەیاند گەیشتوونەتە ڕێککەوتنی سەرەتایی سەبارەت بە بودجە و نەوتی هەرێم و بە پێی ڕێککەوتنەکەش هەرێم ڕۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستى بەغدا بکات و لە بەرامبەردا بوجەى تەواوی پێدەدرێت.