سەردێڕ:

​عێراق رێکاری پێویست بۆ بەرگرتن لە په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنا دەگرێتەبەر

فۆتۆ: 
2020-01-24

1252 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە په‌تای جۆری نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆمار نەکراوە، هەروەها رێکاری پێویست بۆ پشکنینی ئەو گەشتیارانەی لە چین و ئەو وڵاتانەی ئەو پەتایە تیایاندا تۆمارکراوە، گرتووەتەبەر.

سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، عێراق تا ئێستا بە تەواوەتی خاڵییە لە پەتای جۆری نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا (2019-nCoV ) هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە پەتاکە لە وڵاتدا تۆمارنەکراوە.

سەیف بەدر جەختی لەوە کردەوە،کە ناوەندی نیشتمانی بۆ پاراستن و کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییە گوازراوەکان سەر بە وەزارەتی تەندروستی هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە پەتاکەی تۆمارنەکردووە.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، کە رێکاری پێویستیان لە فڕۆکەخانە و دەروازە سنورییەکان گرتووەتەبەر بۆ پشکنینی ئەو گەشتیارانەی لە چین و ئەو وڵاتانەی ئەو پەتایە تیایاندا تۆمارکراوە.

دەسەڵاتدارانی چین رایانگەیاندبوو، ٥٧١ كه‌س تووشی په‌تای جۆری نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا (2019-nCoV) بوون كه‌ نزیكه‌ له‌ نه‌خۆشیی هه‌وكردنی توندی سییه‌كان ناسراو به‌ SARS و ١٧ كه‌س به‌هۆی په‌تاكه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

لە سەرتاسەری جیهانیش تا ئێستا ٦٢٢ حاڵەتی تووشبوون لەوەتەی دۆزینەوەی ڤایرۆسەکە لە ناوەڕاستی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ەوە، تۆمارکراوە.