سەردێڕ:

ئێران ناڕەزايى لە بەرامبەر گۆڕينى رێككەوتنى ئەتۆمى بە رێككەوتنى ترەمپ دەربڕى

 گرژییەکانی ئێران و ئەمریکا
فۆتۆ: 
2020-01-24

2040 جار خوێندراوەتەوە

گوتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئێران،ناڕەزايەتى لە بەرامبەر پەيڕەوكردنى پێشنيارى "رێككەوتنى ترەمپ" لە جێگەى رێككەوتنى ئەتۆمى دەربڕى و دەڵێت ئەمە "ئاماژەيە بۆ توندڕەوييەكى كوێرانە".

عەباس موسەوى گوتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئێران ، لە هەژمارى تایبەتی خۆى لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تويتەر ناڕەزايەتى دەربڕى لە بەرامبەر لێدوانى نێردەى تايبەتى ئەمريكا لە ئێران، براين هۆك كە گوتبووى با لە جێگەى رێككەوتنى ئەتۆمى، "رێككەوتنى ترەمپ" جێبەجێبكرێت.

لە تويتەكەى موسەوى دا هاتووە: "ئەمە ئاماژەيەكە بۆ توندڕەوييەكى درێژخايەن. ئەمە دەسەڵات سەپاندنێكى دامەزراوكراوە، دۆخێكە سەرچاوەى لە خۆبەزلزانينەوە وەرگرتووە".

پێشتر بۆريس جۆنسن سەرۆكوەزيرانى بەريتانيا، لە ١٤ى ئەم مانگە لە ميانى بەشداريكردنى لە بەرنامەيەكى كەناڵى BBC، ئاماژەى بەوە كرد كە لە چاوى سەرۆكى ئەمريكا، رێككەوتنى ئەتۆمى كەموكوڕى هەيە و گوتبووى: "وەرن با پێكەوە كار بكەين بۆ گۆڕينى رێككەوتننامەكە و لە شوێنى رێككەوتننامەى ترەمپ دابنێن".

هاوكات براين هۆك نێردەى تايبەتى ئەمريكا لە ئێران ، لە لێدوانێكيدا بۆ رۆژنامەى (الشرق الاوسط)ى سعوودى گوتبووى، بۆ پەيڕەوكردنى "رێككەوتنى ترەمپ" لە شوێنى رێككەوتنى ئەتۆمى پێويستە ئێران لە پێشدا كۆتايى بە تاقيكردنەوەكانى مووشەكى باليستى بهێنێت، پاڵپشتى چەك و دارايى لە گروپەكانى ناوچەكەدا ببڕێت و كۆتايى بەو سياسەتەى بهێنێت.