سەردێڕ:

رۆڵی یاریدەدەرى قاسم سولەیمانی لە عێراق ئاشکراکرا

فۆتۆ: 
2020-01-23

7868 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتێكی ماڵپەڕی دەیڵی بیستی ئەمریکی، رۆڵی یاریدەدەرى قاسم سولەیمانی لە عێراق ئاشکرادەکات، كە مەشق و راهێنانی بە فیرقەی مردنی ئاڵتونی كردووە.

ئەحمەد فروزەندە، فەرماندەى فەیلەقى رەمەزان، کە بەشێکە لە فەیلەقى قودسى سەر بە سوپاى پاسدارانى ئێران، و یەکێکە لەو دەیان ئەفسەرەى ئێران کە پاڵپشتی و هاوکارى قاسم سولەیمانیان کردووە لە دواى ساڵانى ٢٠٠٣وە.

بەپێى ئەو بەڵگانەى دەست ماڵپەرەکە کەوتووە، فروزەندە لەگەڵ سوپاى پاسداران، چەندین چەکى جۆراوجۆر و پارە و چەکداریان رەوانەى عێراق کردووە.

چالاکییەکانى فروزەندە لە کاتى جەنگى عێراق و ئێران، بە نهێنى و شاراوە بووە، بەتایبەتى لەدواى جەنگى کەنداو ئەو فەرماندەیە لە ماوەى ٢٠ ساڵدا، چەندین کردەوەى نهێنى و کوشتنى لەگەڵ گروپەچەکدارییەکان کردووە.

دۆناڵد باکۆن، سەرۆکى پێشووی ئۆپراسیۆنە تایبەتەکان و زانیارى هەواڵگرى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى لە ساڵى ٢٠٠٧، لە کۆنفراسێکى رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، فەیلەقى رەمەزان و بەرپرسەکانیان لە رێگەى چەکدارەکانیانەوە لە ئێرانەوە پاڵپشتى دارایى و چەک و تەقەمەنیی رەوانەى عێراقى دەکەن.

بەپێى راپۆرتەکەى ماڵپەرى دەیلی بیست، (فیرقەى مردنى ئاڵتونى) کە ئەفسەرى ئێرانى سەرپەرشتى کردووە، ئۆپراسیۆنی "تیرۆرکردنى" ئەو کەسانەی عێراقی جێبەجێکردووە، کە ئێران وەک بەربەست لەبەردەمیدا تەماشایانى کردوون.

ئاماژەبەوەکراوە، ئەفسەرە ئێرانییەکان ئەندامانى گروپە چەکدارییەکانیان ڕەوانەی ئەهواز لە ئێران کردووە، بۆ ماوەى ١٠ رۆژ فەیلەقى رەمەزان بەسەرکردایەتى فروزەندە، مەشق و راهێنانى پێیان کردووە، لەسەر کۆکردنەوەى زانیارى چۆنییەتى کردنە ئامانجى هێزەکانى هاوپەیمانان لە عێراق، هەروەها چۆنییەتى بەکارهێنانى موشەک و کاتیۆشا و هاوەن لەدژیان.

بەپێى بەڵگەکانى نێو راپۆرتەکە، فروزەندە هەوڵیداوە سەرکردەى یەکێک لە گروپە چەکدارییەکان کە ئێران راستەوخۆ پاڵپشتى دارایى کردووە، بەناوى (مەهدى عەبدولمەهدى خاڵسى) ئازادبکات، کە ساڵی ٢٠٠٥ لەلایەن هێزەکانى ئەمریکاوە دەستگیرکرابوو، کارى ئەو گروپە کردنە ئامانجی ئەندامانى حزبى بەعسى هەڵوەشاوى عێراق بووە.

فروزەندە بۆ ئەو مەبەستەش بڕی ٥٠٠ هەزار دۆلارى داناوە بۆ ئازادکردنى خاڵسی.

ب.ب