سەردێڕ:

سوریا.. لە هێرشێکدا ٤٠ سەربازی سوپا کوژران

فۆتۆ: 
2020-01-23

6379 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند، لە هێرشێکی گروپە چەکدارەکاندا لە پارێزگای ئیدلب، ٤٠ سەربازی سوپای سوریا کوژراون و ٨٠ی دیکەش برینداربوون.

وەزارەتی بەرگری روسیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "نزیک بە ٢٠٠ چەکدار و بە ٢٠ ئوتومبێل و تانک و زرێپۆش و دوو ئوتومبێلی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشیان کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی سوپای سوریا و لە ئاکامدا، ٤٠ کوژرا و ٨٠ برینداری سوپای ئەو وڵاتەی لێکەوتووەتەوە".

راشیگەیاند، هێرشەکە ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە ئەنجامدراوە و لە پارێزگای ئیدلبدا بووە کە بەشێکی لەژێر کۆنترۆڵی گروپە چەکدارەکاندایە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای ئیدلب لەلایەن گروپی "تەحریر شام"ەوە کۆنترۆڵکراون و بەپێی ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانیش، لە مانگی رابردووەوە هێرشی سوپای سوریا بە هاوکاری روسیا بۆ ئەو ناوچانە دەستیپێکردووە هەتا ئێستا نزیکی ٣٥٠ هەزار کەس لەو ناوچانەدا ئاوارەبوون.