سەردێڕ:

پۆلیس دواین زانیارى دەربارەى سێ تەرمەکەى عەنکاوە ئاشکرادەکات

فۆتۆ: 
2020-01-23

24675 جار خوێندراوەتەوە

پۆلیسی عەنكاوە رایگەیاند، ئەو سێ تەرمەی ٢١ی ئەم مانگە لە ماڵێکدا دۆزرانەوە بە هۆی غازی سۆپاوە بووە و بەپێی پزیشکی دادوەریش مانگێک پێش ئێستا گیانیان لەدەستداوە.

فەخرەدین نوری بەرێوەبەری بنكەی پۆلیسی عەنكاوە رایگەیاند، ئەو سێ كەسە كە لە دایك و كوڕ و كچەكەی پێكهاتبوون خەڵكی سنوری دەشتی نەینەوا بوون، بەهۆی ئاوارەبونیان، زیاتر لە دوو ساڵە لە عەنكاوە نیشتەجێن،  ئەو خێزانە لەگەڵ هاوسەرەكەی كێشەی جیابوونەوەیان هەبووە، بۆیە بە تەنها ژیاون دوای ئەوەی چەند جارێك پیاوەكە دەیەوێت منداڵەكانی ببینێت، سەردانی ماڵەكە دەكات، بەڵام دەرگا ناكەنەوە، دواتر پۆلیس ئاگاداردەكاتەوە لە دیارنەمانی ئەو سێ كەسە، بۆیە پۆلیس بە بڕیاری دادگا دەچنە ماڵەكە و دوای شكاندنی دەرگا، دەبینن هەرسێ كەسەكە گیانیان لە دەستداوە، دوای لێكۆڵینەوە بۆ تەرمەكان دەركەوت كە بەهۆی سۆپای نەوتەوە گیانیان لە دەستداوە رووداوەكەش زیاتر لە مانگێكە روویداوە.

دایكەكە تەمەنی ٣٧ ساڵە و كوڕەکەی تەمەنی ١٨ساڵ و كچەكەش تەمەنی ١٥ ساڵ بووە.

كۆچەر عەبدوڵا، ئەفسەر لە بنكەی بەرگری شارستانی عەنكاوە رایگەیاند، بەهۆی داخستنی تەواوی دەرگا و پەنچەرەکانى خانووەکەوە و نەبوونی هیچ نەفەسێك و نەكوژاندنەوەی سۆپاكە لە كاتی نوستندا، ئەم رووداوە روویداوە، دەشڵێت، كوڕەكە لە كەمەری بۆ خوارەوە سوتابوو، دایكەكە دەستی راستی سوتابوو، كچەكەش چونكە لە سوپاكە تۆزێك دوور بووە، ئاگر نەگەیشتوە لای، دوای نەمانی ئوكسجین لە ژوورەكە خنكاوە .

٢١ى ئەم مانگە، تەرمی خێزانێکی سێ کەسی لە ماڵێكدا لە شارۆچکەی عەنکاوەی سەر بە پارێزگای هەولێر دۆزرانەوە و هۆکاری گیان لەدەستدانیان نەزانرا و دواتر تەرمەکان رەوانەى پزیشکى دادوەرى هەولێر کران و دواى لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت بەهۆى سۆپاوە گیانیان لەدەستداوە.

ب.ب