سەردێڕ:

وردەکاریی دووەم دانیشتنی دادگاییکردنی ترەمپ لە ئەنجومەنی پیران

فۆتۆ: 
2020-01-23

2354 جار خوێندراوەتەوە

شەوی رابردوو بەکاتی کوردستان بۆ رۆژی دووەم لەسەر یەک ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا کۆبووەوە و تێیدا، دیموکراتەکان بۆ ماوەی هەشت کاتژمێر قسەیان لەسەر تۆمەتباربوونی ترەمپ کرد لەسەر بابەتی ئۆکرانیا.

ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، لە دانیشتنەکەدا، دیموکراتەکان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتەکەیان بەوە تۆمەتبارکرد کە فشاری لە ڤۆلۆدمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا کردووە تا لە دووبارە هەڵبژاردنەوەیدا هاوکاریی بکات و هۆشداریشیاندا کە ئەگەر لە کۆتاییدا ئەنجومەنی پیران ترەمپ بەبێ تاوان بناسێنێت، ئەوا شکۆی ئەمریکا لەکەدار دەبێت.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئادەم سکیف، سەرۆکی فراکسیۆنی دیموکراتەکان و بەرپرسی لیژنەی هەواڵگریی لە ئەنجومەنی نوێنەران و هاوکات، لە ئەنجومەنی پیراندا وەکو بەڕێوەبەری دەستەی لێپێچینەوەکە دیاریکراوە، رایگەیاند، "ترەمپ زۆری لە سەرۆکی ئۆکرانیا کردووە بۆ لێکۆڵینەوەکردن لە جۆو بایدن، جێگری سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و کوڕەکەی، هەنتەر بایدن (هەنتەر بایدن ئەندام بووە لە بۆردی بەڕێوەبەرانی کۆمپانیایەکی بواری غاز لە ئۆکرانیا).

ئادەم سکیف راشیگەیاند، "ترەمپ داوای لە سەرۆکی ئۆکرانیا کردووە تا لێکۆڵینەوەیەکی گشتی لەسەر ئەو دوو کەسە بکات و ئەوەش، بە سودی بانگەشەکانی خۆهەڵبژاردنەوەی ترەمپ، لە ساڵی ٢٠٢٠دا، دەشکێتەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە، دۆناڵد ترەمپ هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت کە هیچ هەڵەیەکی نەکردووە و هەرچیشی کردبێت بۆ بەرژەوەندی وڵاتەکە بووە.

واچاوەڕواندەکرێت ئەمڕۆ پێنجشەممە، دووبارە دانیشتنەکە دەستپێبکاتەوە و دیموکراتەکان بەردەوام بن لە خستنەڕووی هەموو ئەو شتانەی ترەمپی پێ تۆمەتبار دەکەن. دواتر، تیمەکەی ترەمپ سێ رۆژیان دەبێت بۆ وەڵامدانەوەی تۆمەتەکان.

وردەکاریی یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی ترەمپ لە ئەنجومەنی پیران، بخوێنەرەوە.

بە چ تۆمەتێک ترەمپ دادگایی دەکرێت؟

یەکەم: بەکارهێنانی کورسی سەرۆکایەتی بۆ بەدەستهێنانی مەرامی تایبەتی باس لە چەند پەیوەندییەکی تەلەفۆنی (ترەمپ دەقی پەیوەندییەکانی بڵاوکردووەتەوە و لەناوەڕاستی دانیشتنی یەکەمی ئەنجومەنی پیراندا، لە سویسراوە تویتێکی کرد و نوسیبوی، "دەقی پەیوەندییەکە بخوێننەوە") نێوان ترەمپ و ڤۆلۆدمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا دەکەن کە تێیدا، ترەمپ، داوای دادگاییکردنی هەنتەر بایدن، کوڕی جۆو بایدنی جێگری سەرۆکی پێشوی ئەمریکا و کاندیدی رکابەری سەرەکی ترەمپ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی مانگی ١١ی ئەمساڵی ئەو وڵاتە، لە سەرۆکە ئۆکرانییەکە کردووە.

دووەم: دروستکردنی ئاستەنگ لەبەردەم لێکۆڵینەوەکانی ئەنجومەنی نوێنەراندا.

بۆ یەکلاییکردنەوەی پرۆسەکە لە کۆتاییدا دەنگی دوو لەسەر سێی هەر ١٠٠ ئەندامەکەی دەوێت، ئەمە لە کاتێکدا کۆماریەکان ٥٣ ئەندامیان هەیە و دیموکراتەکان ٤٥ ئەندام و دوو ئەندامی بێلایەنیش هەیە کە زۆربەی کات دەنگیان لەگەڵ دەنگی دیموکراتەکاندایە.

لە مانگی رابردوودا، ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە تۆمەتی بەکارھێنانی کورسی دەسەڵات بۆ مەرامی تایبەتی و ئاستەنگ دروستکردن بۆ ئەنجومەنەکە، دەنگی بە لێپێچینەوە و ناردنی پرسەکە بۆ ئەنجومەنی پیران دا و واچاوەڕواندەکرێت کە پاش پرۆسەی تاوتوێکردنی بەڵگەکان بە چاودێری سەرۆکی دادگای باڵای دادپەروەریی وڵات، سیناتۆرەکان دەنگ بە تاوانباربوون یان نەبوونی ترەمپ بدەن.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە مێژووی ئەمریکادا دوو سەرۆکی دیکە رووبەڕووی لێپێچینەوەی ئەنجومەنی پیران بوونەتەوە کە ئەوانیش بریتین لە هەریەک لە بیڵ کلینتۆن لە ساڵی ١٩٩٩ و ئەندرو جۆنسن لە ساڵی ١٨٦٨دا. لە هەردوو لێپێچینەوەکەشدا، نەتوانراوە دەنگی دوو لەسەر سێی سیناتۆرەکان بۆ لابردنیان لە سەرۆکایەتی بەدەستبهێنرێت.

هـ.ب