سەردێڕ:

دەقی کۆنفرانسە رۆژنامەنوسییەکەی نێچیرڤان بارزانی و دۆناڵد ترەمپ

لە داڤۆس
فۆتۆ: 
2020-01-22

20033 جار خوێندراوەتەوە

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابوری داڤۆسدا، هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆبوونەوە و کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسییان ئەنجامدا.

دۆناڵد ترەمپ لە سەرەتادا قسەیکرد و وتی، "ئەوە نایابە کە لەگەڵ سەرۆک بارزانی، سەرۆکی کوردستاندام. ئێمە ماوەیەکی زۆرە کە دەمانەوێت یەکتری ببینین. ئێمە پێکەوە زۆر بە باشی کارمان کردووە. وەکو دەزانن ئێمە سنورەکانی سوریامان جێهێشت و ئەوەش ئەنجامی باشی هەبوو لەگەڵ تورکیادا، ئەنجامی باشتری هەبوو وەک لەوەی بە بیری هەرکەسێکدا هاتبێت. ئەوان ئێستا ئەوەیان هەیە کە پێی دەڵین ناوچەی ئارام".

وتیشی، "من هەموو ئەو شتانە دەنرخێنم کە ئێوە (بارزانی) بۆ سەلامەتی ناوچەکە کردووتانە، بەڵام ئەوەی زۆر گرنگە، وەکو دەزانن ئێمە نەوتەکەمان هەیە، ئێمە سەربازەکانمان بۆ نەوتەکە بەجێهێشت، لەبەرئەوەی ئێمە دەستمان بەسەر نەوتەکەدا گرت و وا کاری تێدا دەکەین. ئێمە زۆر بە باشی پاراستومانە و لەگەڵ ئەوەشدا، هەزاران زیندانی داعشمان لەو ناوچانەدا هەن. ئێمە سەد لە سەد دەستمان بەسەر خەلافەتەکەیاندا گرت. ئەو ناوچەیە هەرێمێکی زۆر باشە و ئێمە پەیوەندییەکی پتەومان هەبووە."

دواتر، نێچیرڤان بارزانی قسەیکرد و وتی، "من پیمخۆشە کە ئەم دەرفەتە بەکاربهێنم بۆ سوپاسکردنت، بەرێز سەرۆک کە ئێمەت بینی لە داڤۆس. وەکو وتت ئێمە ماوەیەکی زۆرە کە چاوەڕێی ئەم ساتەمان کردووە. سوپاس بۆ رابەرایەتیت. سوپاس بۆ پشتیوانیت. ئێمە پێکەوە داعشمان تێکشکاند و لەجیاتی خەڵکی کوردستانیش، پێمخۆشە کە سوپاسی خۆمانت بۆ دەرببڕم و سەرۆکایەتی و پشتیوانیت بنرخێنم. سوپاس."

ئەمەش لەکاتێکدایە، كۆڕبەندى ئابوری داڤۆس کۆبوونەوەیەکى ساڵانەی بواری ئابورییە کە لەنێوان سەرکردەکانی جیهان، بەڕێوەبەری کۆمپانیا و خاوەن بزنسەکان، خەڵکانی ئەکادمی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیدا، لە سویسرا بەڕێوەدەچێت.