سەردێڕ:

نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ عێراق داوای هه‌نگاونان بۆ چاكسازیی ده‌كات

دۆخى عێراق
فۆتۆ: 
2020-01-20

1528 جار خوێندراوەتەوە

نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ عێراق داوای هه‌نگاونان بۆ چاكسازیی و هێشتنه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌كان به‌ هێمنی ده‌كات.

جینین ‌هێنیس-پلاسخارت، نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ عێراق لە پەیامێکدا داوای ده‌ستكردنه‌وه‌ به‌ چاكسازی ده‌كات و نیگه‌رانی خۆشی سه‌باره‌ت به‌ پێشێلكارییه‌كانی مافه‌كانی مرۆڤ ده‌رده‌بڕێت له‌گه‌ڵ جه‌ختكردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر گرنگیی هه‌نگاونان بەرەو جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانی خه‌ڵكی عێراق.

ئەو نوێنەرە تایبەتەی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاندووە، "له‌م مانگانه‌ی دواییدا، سه‌دان هه‌زار عێراقی له‌ هه‌موو چین و توێژه‌كاندا بۆ ده‌ربڕینی هیوا بۆ ئاینده‌یه‌كی باشتری بێ گه‌نده‌ڵی و به‌رژه‌وه‌ندیی حیزبی و ده‌ستوه‌ردانی بێگانه‌ رژانه‌ سه‌رشه‌قامه‌كان. له‌لایه‌كی دیکەوە، كوشتن و برینداركردنی خۆپیشانده‌رانی هێمن و چه‌ندان به‌ڵێنی جێبه‌جێنه‌كراوی ساڵانی رابردوو بوونه‌ مایه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی متمانه‌."

وتیشی، "ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی كه‌ تائێستا سه‌باره‌ت به‌ نیگه‌رانییه‌كانی خه‌ڵك نراون، گەر بێت و تەواونەکرێن، ئەوا هه‌ر بێ بایه‌خ ده‌مێننه‌وه‌".

باسی لەوەشکردووە، "چڕبوونه‌وه‌ی گرژییه‌ هه‌رێمییه‌كانی ئه‌مدواییه‌ بوونه‌ مایه‌ی لادانی سه‌رنج له‌سه‌ر كاره‌ ناوخۆییه‌ نیوه‌چڵه‌كان. به‌هه‌ر حاڵ، په‌ره‌سه‌ندنه‌ جیۆپۆلیتیکە‌كان نابێ ببنه‌ مایه‌ی فه‌رامۆشكردنی داواكارییه‌ ره‌واكانی خه‌ڵكی عیراق چونكه‌ ئه‌مانه‌ ته‌نیا ده‌بنه‌ مایه‌ی توڕه‌یی و بێمتمانه‌یی زیاتر".

روونیشیکردووەتەوە، "به‌كارهێنانی توندوتیژی بۆ كپكردنه‌وه‌ خۆپیشاندانه‌كان هه‌رگیز مایه‌ی قبوڵ نییه‌ و بگره‌ پێویسته‌ پێشیشی پێ بگیرێت. هیچ شتێك به‌قه‌د كه‌شی ترس زیانبه‌خش نییه‌. هه‌روه‌ها، لێپێچینه‌وه‌ و دادوه‌ریی له‌پێناو قوربانییان بۆ بنیاتنانه‌وه‌ی متمانه‌ و ره‌واییبوون و هه‌ستانه‌وه‌ زۆر گرنگن".

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە سەرەتای مانگى تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە، خۆپیشاندان لە بەغدا و چەند پارێزگایەکی دیکەی عێراق سەریهەڵداوە و بەپێی ئامارێکی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی عێراق، تا ئێستا ٢٩ چالاکوان و زیاتر لە ٥٠٠ خۆپیشاندەر کوژراون، هاوکات زیاتر لە ١٣ هەزار کەسیش برینداربوون.
Image
Image