سەردێڕ:

وڵاتانى لوتكەی لیبیا لەسەر پێكهێنانی تەنیا حكومەتێك لەو وڵاتە رێككەوتن

دۆخى ئەمنى لیبیا
فۆتۆ: 
2020-01-20

1838 جار خوێندراوەتەوە

لوتكەی لیبیا كە بە بەشداری سەركردەی چەند وڵاتێک لە بەرلین بەڕوەچوو، كۆتایی بە كارەكانی هێنا و بەشداربووانى لوتکەکە لەسەر پێكهێنانی تەنیا حكومەتێكى گشتگیر و پەسەندکراوى پەرلەمان لەو وڵاتە رێككەوتن.

لەراگەیەنراوى لوتکەکەدا هاتووە، بانگھێشتی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەن بۆ پێکھێنانی چەند کۆمیتەیەکی تەکنیکی بەمەبەستی چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنی جێبەجێکردنی ئاگربەست لە لیبیا و لەگەڵ دەستپێکی ئاگربەستیش بانگھێشتی لایەنەکان و پاڵپشتیکاران دەکەن کۆتایی بە چالاکیی سەربازیی بھێنن.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە ژێر چاودێری نەتەوەیەکگرتووەکان بەمەبەستی درێژەدان بە ھەماھەنگی لە دوای کۆنفڕانسی بەرلین، کۆمیتەیەکی چاودێری نێودەوڵەتی پێکدەھێنن.

ئەوەش خراوەتەڕوو، هەموو لايەنەكانى ليبيا بانگهێشتدەكەن بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنێكى ئازاد، گشتگير و دادپەروەرانە كۆتايى بە پرۆسەى گواستنەوە بهێنن.

دوێنێ بە بەشدارى سەرۆکانى روسیا و تورکیا و سەرۆکى فەڕەنسا و وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا و راوێژکارى ئەڵمانیا و چەند وڵاتێکى دیکەى ئەوروپا، لوتکەى لیبیا بۆ چارەسەرکردنى دۆخى ئەمنى ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو.

ئەوەش دواى ئەو گرژی و ئاڵۆزییانە دێت کە ماوەیەکە لەنێوان چەکدارانى خەلیفە حەفتەر و حکومەتى وڵاتەکەدا هەیە.