سەردێڕ:

چارەنووسی رێکەوتنەکەی نێوان بەغدا و هەولێر دیار نییە

فۆتۆ: 
2020-01-19

3381 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی ئەو بارودۆخەی لە عێراق هاتووەتە ئاراوە، چارەنوسى ئەو رێککەوتنەی کە لەنێوان هەرێم و بەغدا کراوە، لەسەر بودجە و نەوت دیارنییە. لە ئەگەرى دانانى سەرۆک وەزیرانێکى نوێش نازانرێت چۆن مامەڵە لەگەڵ هەرێمى کوردستاندا دەکرێت. ئەندامێکی پەرلەمانی عێراقیش باس لەوە دەکات، کورد دەبێت بە پێى دەستور سەرجەم شایستە داراییەکانى لە بەغدا وەربگرێت.

وێڕاى دڵنیاییدانى چەندین بەرپرسى کورد لەبەغدا، بەڵام ساڵى ٢٠٢٠ بۆ هەرێم و سەبارەت بەو رێککەوتنەى لەگەڵ بەغدا هەیەتى، پێدەچێت ساڵێکى پڕ لە چاوەڕوانى و دوودڵى بێت.

لەدواى دەستلەکارکێشانەوەى عادل عەبدولمەهدى و کابینە وەزارییەکەى، تائیستا چارەنوسى ئەو رێککەوتنەى پێشتر لەگەل هەرێمى کوردستان کردبووى، دیار نیە چى لێدێت و لەئەگەرى دانانى سەرۆک وەزیرانێکى نوێ چۆن مامەڵە لەگەڵ هەرێمى کوردستاندا دەکرێت.

ئەحمەدى حاجى رەشید، ئەندامی پەرلەمانى عێراق باس لەوەدەکات کە لەئێستادا بەبێ ئەوەى نەوتى هەرێم رادەستى بەغدا بکرێت، موچەى فەرمانبەرانى بۆ رەوانەدەکرێت، بەڵام ڕێککەوتنە نوێکەى هەرێم و بەغدا لەبودجەى ساڵى ٢٠٢٠دا جێدەکرێتەوە کە هێشتا بۆ پەرلەمان نەنێردراوە.

هەرێم کەمال، ئەندامى پەرلەمانى عێراقیش ئاماژە بەوەدەکات، "هەرچەندە داواکارییەک لە لیژنەى نەزاهەى پەرلەمانى عێراقەوە هەیە بۆ راگرتنى شایستە داراییەکانى هەرێم، بەڵام پەرلەمانتارێک پێى وایە کورد دەبێت بەپێى دەستور سەرجەم شایستە داراییەکانى لەبەغدا وەربگرێت.

هەفتەى رابردوو عادل عەبدولمەهدى سەرۆک وەزیرانى کاربەڕێکەرى عێراق سەردانى هەولێرو سلێمانى کردو لەگەڵ بەرپرسانى حکومى و حزبى کۆبویەوە بەمەبەستى قسەکردن لەسەر کێشە هەڵپەسێردراوەکانى هەولێرو بەغدا، بەڵام دیار نیە ئاسۆى رێککەوتنە نوێکەى هەردوولا بەکوێ دەگات و تاچەند ئەو رێککەوتنە لەمساڵدا لەلایەن هەردوولاوە جێبەجێ دەکرێت.