سەردێڕ:

چیرۆکی ئەو دوو هاوسەرەی بەدوای یەکدا گیانیان لەدەستدا

فۆتۆ: 
2020-01-19

30728 جار خوێندراوەتەوە

ئێن ئاڕ تی چیرۆکی ئەو دوو هاوسەرە دەگێڕێتەوە کە ٢٩ ساڵ پێکەوە ژیان و هەردووکیشیان بەدوای یەکدا گیانیان لەدەستدا.

حیکمەت مەحمودی تەمەن ٥١ ساڵ وەک هەموو ڕۆژێک لەگەڵ بانگی بەیانیدا ڕوو لە مزگەوتی گوندەکەیان دەکات بۆ نوێژی بەیانیی و دوای گەڕانەوەشی لە مزگەوت، کاتژمێر ٦ی بەیانی بەسەر مەرگی هاوسەرەکەیدا دەگەڕێتەوە ماڵەوە، کاتێک دەبینێت سەروینی هاوسەری لەناو جێگاکەیدا بووە بە لاشەیەکی ساردوسڕ. ئەو لە گوندی بالەکیانی قەزای سۆرانەوە تەرمی هاوسەرەکەی دەگەیەنێتە نەخۆشخانە و لەوێ دڵنیادەبێتەوە لە مردنی، لە دوای چەند خولەکێک لە تەنیشت تەرمی هاوسەرەکەی خۆشی گیانی لەدەستدا
.

شایەتحاڵەکان دەڵێن لەدوای دڵنیابوونەوەی لە مەرگی سەروینی هاوسەرەکەی، حیکمەتیش لەدوای چەند خولەکێک گیانی لەدەستداوە، دەشڵێن لە نەخۆشخانە نزای بۆ مەرگی خۆی کردووە بەهۆی مەرگی هاوسەرەکەیەوە چونکە خۆشەویستییەکی تایبەتیان بۆ یەکتری هەبووە.

حیکمەت فەرمانبەری ئەوقاف بوو، سەروینی هاوسەریشی ژنی ماڵ بوو، ئەوان لە گوندی بالەکیانی سۆران لەگەڵ دوو کچ و کوڕێکیان ژیانێکی ئاساییان بەرێدەکرد، بەپێی وتەی پزیشکەکان سەروین بە نەخۆشی جەڵتە گیانیلەدەستداوە، وەک کەسوکارەکەشی دەڵێن حیکمەتی هاوسەری هیچ کێشەیەکی تەندروستی نەبووە و بەرگەی مەرگی هاوسەرەکەی نەگرتووە و گیانیلەدەستداوە.

حیکمەت و سەروین ٢٩ ساڵ بەرلەئێستا هاوسەرگیریان کردبوو، بەرهەمی هاوسەرگیرییەکەشیان کوڕێک و دوو کچە، وەک کەسوکار و خزمەکانی دەڵێن ژیانێکی خێزانیی ئاسایی و بەختەوەریان پێکەوە بەسەردەبرد، هاوشێوەی ژیانیان مەرگیشیان پێکەوەبوو، پێکەوە بە یەک کاتژمێر ماڵئاواییان لە ژیان و هاوڕێ و منداڵەکانیشیان کرد.