سەردێڕ:

زاخۆ.. تەرمی دوو کەس لە ئوتومبێلێکدا دۆزرانەوە

فۆتۆ: 
2020-01-19

40667 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، زاخۆ، ئەحمەد زاخۆیی و بێوار حلمی

لە نزیک گومرکی زاخۆ تەرمی دوو کەس بە کوژراوی لەنێو ئوتومبێلێکی جۆری تەکسیدا دۆزرانەوە.

هێمن سلێمان، وتەبێژی پۆلیسی دهۆک بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کەمێک لەمەوبەر لە هەبوونی تەرمی دوو گەنج لە نزیک گومرکی زاخۆ و بە کوژراوی لە ئوتومبێلێکی جۆری تەکسیدا ئاگادارکراونەتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، لەئێستادا تیمی پۆلیسی ناوچەکە گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.

وتیشی، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئەو دوو کەسە برای یەکدین و تەمەنیان لەنێوان ٣٥ بۆ ٤٠ ساڵیدایە.

هاوکات، ئەمیر عەلی، بەرپرسی تەندروستی زاخۆ بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کە تیمی تەندروستی و ئەمبوڵانسیان، بەمەبەستی گواستنەوەی تەرمەکان بۆ نەخۆشخانە، بۆ شوێنی رووداوەکە ناردووە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، تەنیا لەماوەی سێ رۆژدا و لە سنوری پارێزگای دهۆک، ٧ کەس بە حاڵەتی جۆراوجۆر کوژراون و شەش کەس لەوانەش لە سنوری قەزای زاخۆدا بوون.