سەردێڕ:

عێراق.. دوو خۆپیشاندەر کوژران

٢٠ کەس برینداربوون
فۆتۆ: 
2020-01-19

1730 جار خوێندراوەتەوە

خۆپیشاندەرانى عێراق هەڕەشەى فراوانترکردنی سنوری خۆپیشاندانەکان دەکەن و بەهۆى رووبەڕووبونەوەى هێزە ئەمنییەکانیشەوە دوو خۆپیشاندەر لە بەغدا کوژران و نزیکەى ٢٠ کەسیش برینداربوون.

ئومێد محەمەد پەیامنێرى ئێن ئاڕ تى لە بەغدا رایگەیاند، خۆپیشاندانەكان زیاتربوون دواى بانگهیشتى خۆپیشاندانى ملیۆنى، ئەمڕۆ لە شارى بەغدا خۆپیشاندەران بەشێکى رێگا سەرەکییەکانیان داخست و تایەیان لەسەر شەقامەکان سوتاند، و رێگاکانى چوون بۆ گۆڕەپانى تەیەران لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە داخراون، بۆ ئەوەى فشارى زیاتر بکەنە سەر حکومەت و پەرلەمان بۆ ئەنجامدانى چاکسازى.

هاوکات لە شارەکانى باشورى عێراقیش خۆپیشاندان بەردەوامبوو، خۆپیشاندەران لە کەربەلا نوسینگەى پەرلەمانى عێراقیان داخست و بە مانشێتێک نوسیبویان بە بڕیارى گەل داخراوە، هەروەها چەند فەرمانگەیەکى حکومەتیش لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە داخران.

لە پارێزگاى دیوانیەش لە سبەینێوە دەوامى سەرجەم فەرمانگەکان رادەگیرێت و دەکرێت بە پشوو، ئەوەش دواى ئەوە دێت کە بڕیارە هەینى داهاتوو خۆپیشاندانى ملیۆنى لە شارەکانى عێراق، بەتایبەتى لە بەغداى پایتەخت بەڕێوەبچێت دژ بە کردنە درەوەى هێزە بیانییەکان و ئەنجامدانى چاکسازى لە وڵاتدا. 

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە سەرەتای تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە، خۆپیشاندان لە شاری بەغدا و چەند پارێزگایەکی دیکەی عێراق سەری هەڵداوە و بەو هۆیەشيوە بەپێی ئامارێکی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی لە عێراق، لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانەوە تا ئێستا ٢٩ چالاکوان و زیاتر لە ٥٠٠ خۆپیشاندەر کوژراون، هاوکات زیاتر لە ١٣ هەزار کەسیش برینداربوون.