سەردێڕ:

سەرۆکایەتی هەرێم: نێچیرڤان بارزانی و دۆناڵد ترەمپ کۆدەبنەوە

فۆتۆ: 
2020-01-19

5002 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، لەمیانی بەڕێوەچوونی کۆڕبەندی ئابوری داڤۆسدا هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی و دۆناڵد ترەمپ کۆدەبنەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرۆکایەتی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به‌ داوه‌تێكى فه‌رمى به‌شدارى له‌ كۆڕبه‌ندى ئابوريى جيهانيى داڤۆسدا ده‌كات و تيايدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكى ئه‌مه‌ريكا و ئه‌نتۆنيۆ گۆتێرێز، سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان و ژماره‌ك له‌ سه‌ركرده‌ و وه‌زيران و به‌رپرسانى باڵاى وڵاتان كۆده‌بێته‌وه‌".

ئاماژە بەوەشکراوە، "له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا په‌ره‌پێدانى په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و سياسه‌ت و هه‌ڵوێستى هه‌رێم و گۆڕينه‌وه‌ى بيروڕا ده‌رباره‌ى پرسه‌ هه‌رێمى و جيهانييه‌كان تاوتوێ ده‌كرێن".

باسلەوەشکراوە، "هه‌ر له‌ ميانى به‌شداريكردنيدا، نێچيرڤان بارزانی له‌ دانیشتنێکی داڤۆسدا به‌ ناونيشانى “ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستى ناسه‌قامگير” قسه‌ ده‌کات. تيايدا لێكه‌وته‌ درێژخايه‌نه‌كانى ئاڵۆزى و پشێوييه‌‌ به‌رده‌وامه‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست‌ كه‌ بوونه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ى ترس و نيگه‌رانييه‌كى گه‌وره‌ى جيهانى و ناوچه‌يى باس ده‌كرێن و تيشك ده‌خرێته‌ سه‌ر كاريگه‌ريى ستراتيژيى قه‌يرانى ئێستا له‌سه‌ر ئاشتى و سه‌قامگيرى له‌ كه‌نداو، عێراق و سووريا".

ئەمەش لەکاتێکدایە، کۆڕبەندی ئابوری داڤۆس دیدارێکی ساڵانەی بواری ئابورییە کە لەنێوان سەرکردەکانی جیهان، بەڕێوەبەری کۆمپانیا و خاوەن بزنزەکان، خەڵکانی ئەکادمی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیدا، لە سویسرا بەڕێوەدەچێت.