سەردێڕ:

خۆپیشاندەران بارەگای حزبوڵایان لە نەجەف سوتاند

دەیان رێگای سەرەکيیان داخستووە
فۆتۆ: 
2020-01-19

2679 جار خوێندراوەتەوە

درەنگانێکى  شەوی ڕابردوو خۆپیشاندەران لە شاری نەجەف بارەگای  یەکەکانی حزبوڵای عێراقییان سوتاندووە.

پەیامنێری ئێن ئاڕ ڕایگەیاند، ئەمشەو خۆپیشاندەران هەڵیانکوتاوەتە سەر بارەگای هێزەکانی حزبوڵا لە ناوەڕاستى شاری نەجەف و سوتاندوویانە و بەو هۆیەوە گرژى دروستبووە.

وتیشی ، لە ئێستادا خۆپیشاندەران بەردەوامن لە شارەکە و دەیان رێگای سەرەکییان داخستووە هەڕەشەى فراوانترکردنی خۆپیشاندانەکان دەکەن.

هاوکات خۆپیشاندانەکانی بەغدا بەردەوامە و لە ئێستادا خۆپیشاندەران ڕێگا سەرەکییەکانی گۆڕەپانی تەیەرانیان لە ناوەڕاستى بەغدا داخستووە.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند، لە دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران ئەمڕۆ ژمارەیەکی زیاتریان کۆبوونەتەوە و ڕێگاکانیان داخستووە.

ئەوەشی وت، خۆپیشاندەران هەڕەشەى فراوانترکردنی  سنوری خۆپیشاندانەکان دەکەن  ئەگەر هێزە ئەمنییەکان مامەڵەی خراپیان لەگەڵ بکەن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە سەرەتای تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە خۆپیشاندان لە شاری بەغدا و چەند پارێزگایەکی دیکەی عێراق سەری هەڵداوە و بەو هۆیەشيوە بەپێی ئامارێکی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی لە عێراق، لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانەوە تا ئێستا ٢٩ چالاکوان و زیاتر لە ٥٠٠ خۆپیشاندەر کوژراون، هاوکات زیاتر لە ١٣ هەزار کەسیش بریندارن.