سەردێڕ:

لوبنان.. ژمارەی بریندارانی خۆپیشاندانەکەی بەیروت بەرزبووەوە

فۆتۆ: 
2020-01-19

936 جار خوێندراوەتەوە

خاچی سووری لوبنانی رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئاکامی رووبەڕووبوونەوەی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان لەبەردەم باڵەخانەی پەرلەمان لە ناوەڕاستی بەیروتى پایتەخت برینداربوون، بۆ ١٦٥ کەس بەرزبووەوە.

بەگوێرەى ئامارێکى خاچی سووری لوبنانی ٦٥ کەس لە بریندارەکان ە بۆ نەخۆشخانەکانی ناوچەکە گوازراونەتەوە و ١٠٠ بریندارەکەی دیکەش لە شوێنی رووبەڕووبوونەوەکان فریاگوزاریی سەرەتاییان بۆ ئه‌نجامدراوه‌.

لە میانی خۆپیشاندانەکاندا کە لەژێر ناوی "باجەکەی نادەین" و بەردەوامی ناڕەزایەتییەکان دژ بە ناسەقامگیری دۆخی سیاسیی و ئابووریی لە لوبنان بەردەوامیی هەیە، خۆپیشاندەران لە بەردەم باڵەخانەی پەرلەمان لە ناوەڕاستی بەیروت، گردبوونەوە.

لە ١٧ی تشرینی یەکەمی رابردووەوە خۆپیشاندان لە لوبنان بەردەوامیی هەیە و ئەمەش وایکرد سەعد حەریری سەرۆکوەزیران، لە ٢٩ی هەمان مانگدا دەستلەکاربکێشێتەوە.

خۆپیشاندەران داوای سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریی، سزادانی گەندەڵکاران، پێکهێنانی حکومەت لە کەسانی پسپۆڕ و سەربەخۆ و کاندیدنەکردنی وەزیرەکانی حکومەتی پێشوو ده‌كه‌ن.

بەهۆى دروستبوونى توندوتیژی لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان، میشێل عەون سەرۆک کۆماری لوبنان، داوای لە سوپا و هێزە ئەمنییەکان کرد هێمنی و ئاسایش بۆ ناوچەکانی ناوەڕاستی بەیروت بگێڕنەوە.