سەردێڕ:

عێراق.. خۆپیشاندەران هۆشداریی فراوانکردنی ناڕەزایەتییەکان دەدەن

فۆتۆ: 
2020-01-18

1925 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆى وەڵامنەدانەوەى داواکارییەکانیان، خۆپیشاندەرانی عێراق هۆشدارى هەڵکشانى توندوتیژیەکان دەدەن، بە وتەى ئەندام پەرلەمانێکی عێراقیش، لەم هەفتەیەدا فراکسیۆنە شیعییەکان بڕیارلەسەر دیاریکردنى سەرۆک وەزیرانى نوێ دەدەن.

ئێوارەی دوێنێ هەینی، لە شارى بەغدا، پێکدادان لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا لە نزیک پرى سینەک روویدا و ئاژانسى رۆیتەرزیش رایگەیاند، بەهۆی بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ کەسێک کوژراوە و ٢٥ى دیکەش بریندار بوون.

لەو بارەیەشەوە عەبدولکەریم خەڵەف، وتەبێژى فەرماندەى هێزە چەکدارەکان رایگەیاند، "چەند کەسانێک کە بە ( تێکدەر) ناویاندەبات، هێرشیانکردووەتە سەر بەربەستەکانى پردى سینەک لە ناوەڕاستى شارەکە".

هاوکات هەوڵەکان بۆ کپکردنەوەی خۆپیشاندانەکان بەردەوامە و لە دواترین هەوڵیشدا کە ناوەندى تاوانەکانى جەنگ بڵاویکردووەتەوە، ئەحمەد فازل چالاکوانێکی مەدەنییە، ئەمڕۆ شەممە، لە کاتى گەڕانەوەى لە گۆڕەپانى تەحریر لەلایەن میلیشیاکانەوە رفێنراوە.

چالاکوانێکى خۆپیشاندانەکانیش لە پارێزگاى زیقار رایانگەیاند، "رۆژى ١٩ى ئەم مانگە ئەو مۆڵەتە کۆتایی دێت، کە بە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانیان دابوو بۆ جێبەجێکردنى داواکارییەکانیان، کە خۆپیشاندەرانى گۆرەپانى تەحریر و شارەکانى دیکەش پشتگیرییان کردبوو"، هاوکات خۆپیشاندەران بەڵێنى ئەوەشیانداوە لە رۆژى ٢٠ی مانگەوە رێگەى نێودەوڵەتى نێوان بەسرە و بەغدا دابخەن و ئاستەنگ بۆ گواستنەوەى بەرهەمە نەوتییەکان دروستبکەن، وەک ئامادەکاریەکیش بۆ زیادکردنى فشارەکانیان، بەشێک لە خۆپیشاندەران ئامادەکاری دەکەن بۆ داخستنى پردەکانى شارى ناسریە.

لە شارى بەسرەش، رۆژنامەوانان داوایان لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە، "بکوژانى رۆژنامەنوسان ئەحمەد سەمەد و کامێرامانەکەى بدۆزرێنەوە و رادەستى دادگا بکرێن"، هەروەها هۆشداریى ئەوەشیاندا لایەنە ئەمنییەکان پەنا نەبەن بۆ شێواندن یان داخستنى کەیسەکە بەبیانوى نادیارى بکوژەکانەوە.

دەربارەی دانانى سەرۆک وەزیرانى نوێش، محەمەد بەلداوى لە فراکسیۆنى سادیقون رایگەیاند، "فراکسیۆنە شیعییەکان گەیشتونەتە رێککەوتنى سەرەتایی لەسەر کاندیدێکى دیاریکراو و لەم هەفتەیەدا رایدەگەیەنن".

لە میانەى هەوڵەکانیش بۆ دوورخستنەوەى جەنگ لە وڵات، محەمەد عەلی وەزیرى دەرەوەى عێراق رایگەیاند، "عێراق نابێتە گۆڕەپانى جەنگ و پێویستە وڵات دووربخرێتەوە لە سیاسەتى لایەنگیریى بۆ میحوەرەکانى جەنگ، وتیشی تیرۆر هێشتا کۆتایی نەهاتووە".  

لەلایەکى دیکەوە مەزهەر محەمەد، راوێژکارى ئابورى عادل عەبدولمەهدى، "بڕى قەرزەکانى سەر عێراقى ئاشکراکرد، کە بریتین لە ٧٢ ملیار دۆلار، زۆرینەشیان قەرزى ناوخۆیین، کە نزیکەى ٤٢ ملیار دۆلارە".

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە سەرەتای تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە خۆپیشاندان لە شاری بەغدا و چەند پارێزگایەکی دیکەی عێراق سەری هەڵداوە و بەو هۆیەشيوە بەپێی ئامارێکی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی لە عێراق، لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانەوە تا ئێستا ٢٩ چالاکوان و زیاتر لە ٥٠٠ خۆپیشاندەر کوژراون، هاوکات زیاتر لە ١٣ هەزار کەسیش بریندارن.