سەردێڕ:

مامۆستایەکى ئایینى: موچەى خانەنشینى پلەباڵاکان حەرامە

فۆتۆ: 
2020-01-18

10234 جار خوێندراوەتەوە

مامۆستایەکى ئایینى داوا لە لیژنەى فەتواى هەرێم دەکات بڕیارێک لەسەر موچەى خانەنشینى پلەباڵاکان دەربکات، ودەڵێت چونکە حەرامە.

تاهیر کەلەباشى، مامۆستایى ئایینی و وتاربێژ لە یەکێک لە مزگەوتەکانى ناحیەى پیرەمەگرون لە پارێزگاى سلێمانى ئاماژەى بەوەکردووە، "هەرچەندە پێشبینى ناکەم لیژنەى فەتواى هەرێم بڕیارى لەو چەشەنە لەسەر موچەى خانەنشینى پلەباڵاکان دەربکەن، بەڵام من لەپێش هەمویانەوە پێیان دەڵێم بەخوا موچەى پلە باڵاکان حەرامە و لە ئاینى ئیسلامدا جێى نابیتەوە".

راشیگەیاندووە، "ڕەوا نییە فەرمانبەرێکى ژینگە پارێز کە رۆژانە شەقامەکان پاکدەکاتەوە، کاتێک خاننشین دەکرێت بە ٢٠٠ یان ٣٠٠  هەزار دینار، لەکاتێکدا پەرلەمانتار و وەزیر و بەرپرسە باڵاکان بە ٦ یان ٧ ملیۆن دینار خانەنشین بکرێن کە بۆ خۆیان بڕیاریان لەسەداوە".

دەشڵێت، "رەوا نییە مامۆستایەکى قوتابخانە کە نەوەیەک بۆ ئەم نیشتمانە پەروەردەدەکات، کاتێک خانەنشین دەکرێت، بە موچەیەکى کەم، بەڵام وەزیرەکەى پێنج شەش ملیۆن دینار خانەنشین دەکرێت."

لە کۆتایى وتەکەیدا دەڵێت، " بەخوا هەموو وەزیر و پەرلەمانتار و حاکمەکان کە نەیانتوانیووە بڕیارێک لەوبارەوە بدەن، پێیان خۆش بێت یان نا، موچەکانیان حەرامە وگەردنیان ئازاد نەبێت لە رۆژى دواییدا".

پەرلەمانى کوردستان ١٦ى ئەم مانگە بە دەنگى ٨٩ پەرلەمانتار کۆى ماددەکانى پڕۆژەیاساى چاکسازى پەسەندکرد و فراکسیۆنەکانى نەوەى نوێ و کۆمەڵ و یەکگرتوو دژى خانەنشینى پلەباڵاکان دانیشتنەکەیان بەجێهێشت.