سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. ڕزگاربوویەکی یەختە ژێرئاوکەوتووەکە چیرۆکی رووداوەکە دەگێڕێتەوە

هۆکاری خنکانی هاوڕێکانی باسدەکات
فۆتۆ: 
2020-01-18

15748 جار خوێندراوەتەوە

یەکێک لە ڕزگاربووانی سەر یەختەکەی یۆنان چیرۆکی ژێرئاوکەوتن و هۆکاری خنکانی کۆچبەرە کوردەکان و ڕزگاربوونی خۆی دەگێڕێتەوە.

کۆسرەت جەلال، یەکێکە لەو کوردانەی لە رووداوی ژێرئاوکەوتنی یەختەکەدا رزگاری بووە و دەڵێت، شەوی هەینی لەسەر شەممە، لە کاتژمێر دووی شەودا بەڕێکەوتوون، دەشڵێت، "نزیکەی ٥٣ کەس دەبووین، ئێمە لەگەڵ چەند کوردێکی دیکەدا کە نزیکەی شەش کەس بوون لە کۆتا کەسەکان بووین کە چوینە سەر یەختەکە، بەشی خوارەوە یەختەکە کابینەیەک بوو و زۆرینەی کوردەکان لەوێدابوون"، ئەو هۆکاری خنکانی کوردەکان بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە لەو کاتەدا لە بەشی خوارەوە ماونەتەوە نەهاتونەتە سەرەوە.

باس لەوەشدەکات، "پاش تێپەڕینی پێنج کاتژمێر بەسەر بەڕێکەوتنماندا بیستمان کە ئاو هاتووەتە ناو یەختەکەوە، ئەوانەی بەرپرسیش بوون لەسەر یەختەکە باسیان لەوە کرد کە یەختەکە فیتپەمبی وەستاوە و ئاو هەڵناداتە دەرەوە تەنها ئاو دەهێنێتە ژوورەوە".

لە درێژەی گێڕانەوەی چیرۆکەکەیدا کۆسرەت ئاماژەی بەوەدەکات، "پاش ئەوەی وتیان بزوێنەری یەکەمی یەختەکە لەکار کەوتووە و گوێمان لێبوو باسیان لەوەدەکرد بزوێنەری دووەم کاردەکات، بەڵام ئەو بزوێنەوە تەنها پەروانەکان دەسوڕێنێتەوە، پاشان یەختەکە دەستی بە خوولانەوە بە دەوری خۆیدا کرد، لەو کاتەدا تەلەفۆنم بۆ پۆلیس کرد و فێریانکردم کە چۆن بچمە سەر نەخشە و شوێنی خۆمانیان پێبڵێن، داوایان لێکردین تەنها بە ئارامی لە یەختەکەدا بمێنینەوە چونکە شوێنەکەمان دوور بوو کاتیان پێویستبوو تا دەگەیشتنە لامان، بەڵام لەبەر ترسی خۆمان بەردەوام تەلەفۆنم بۆ پۆلیس دەکردەوە".

کۆسرەت درێژە بە گێڕانەوەی چیرۆکەکەی دەدات و دەڵێت، "وردە وردە بەشی دواوەی یەختەکە نیشت و ئاو زیاتر هاتە ژوورەوە، بۆیە من جلەکانم لەبەر خۆم دانا وەک ئامادەباشییەک، پاشان یەختەکە وردە وردە ژێر ئاو کەوت و خەڵکەکە کەوتنە ئاوەکەوە"، ئەو باس لەوە دەکات، "هەتا یەختەکە بە تەواوی ژێر ئاو کەوت کەمتر لە ١٥ خولەکی پێچوو".

دەشڵێت، "یەختەکە تەنها دوو چوپی تێدا بوو کە دانەیەکیانم دایە پیاوێکی پیری ئەفغانی و یەکێکیشیان بۆ کوردێک، پاشان ئەوانەی مەلەیان دەزانی دوورکەوتنەوە بۆ ئەوەی خەڵک خۆیان پێنەگرێت، من و کەسێکی دیکەش باخیرەیەکمان بینی نزیکەی ٢٠ مەتر لێمان دوور بوو بەرەوە ئەوێ ڕۆیشتین، بەڵام بەهۆی بەهێزی شەپۆلی پەروانەکەی ئێمەی زۆر دوورخستەوە".

ئەو دەشڵێت، "پاش ئەوانە باخیرەکە چوپی بۆ هەڵداینە خوارەوە و من دانەیەکم گرتەوە بە سێ کەس خۆمان پێوەی گرتبوو، نزیکەی نیو کاتژمێر بەو شێوەیە ماینەوە، باخیرەکە چەند بووقێکی لێدا هەتا باخیرەیەکی دیکە ئاگاداربووەوە و گەیشت، پاشان هەتا پۆلیسی یۆنان گەیشتن"، کۆسرەت ئاماژەی بەوەکردووە، ئەوان لە کۆتا کەسەکان بوون کە ڕزگاریان کردوون، چونکە دوور کەوتبوونەوە لێیان.

لە درێژەی چیرۆکەکەیدا باس لەوە دەکات، "ژێر ئاوکەوتن و گەیشتنی پۆلیسەکان و ڕزگارکردنیان نزیکەی چوار کاتژمێری ویستووە، پاش ئەوانیش نزیکەی چوار کاتژمێری دیکە پۆلیسەکان گەڕاون"، ئەو دەڵێت، "تەنانەت کەلوپەل و جانتاکانیشیان هێنابووینەوە".

باس لەوەشدەکات، "کە ڕزگاریان کردین سەرەتا تا دوو بۆ سێ ڕۆژ نەیانهێشت پەیوەندی بە کەسوکارمان بکەین، بەڵام ئێمە لەسەر یەختە گەورەکە نامەمان جێهێشت بۆیان".

کۆسرەت داوا لە هاوڵاتییان دەکات و دەڵێت، "داوایان لێدەکەم هەرگیز ئەم رێگایە نەگرنەبەر، ڕێگەیەکی ناسەلامەتە و هەرگیز هەڵی مەبژێرن".

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە رۆژی ١١ی ئەم مانگە، لە ئاوەکانی نێوان یۆنان و ئیتاڵیادا بەلەمێک بە ٥٣ سەرنشینەوە ژێرئاوکەوت و بەهۆیەوە ٣١ سەرنشینی کە ژمارەیەکیان کوردبوون خنکان.

هـ.ئـ