سەردێڕ:

ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتى: ئەمساڵ كۆنگرە دەبەستین

٢٠٢٠
فۆتۆ: 
2020-01-18

6959 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتیی راگەیەنراوێکى بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەى بەوەکردووە، لەمساڵدا کۆنگرەى حزبکەیان دەبەستن.

ئەمڕۆ شەممە بە سەرۆکایەتیی مەسعود بارزانی، سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتیی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە و دۆخى ناوخۆى حزب و هەرێم و گۆڕانکارییەکانى عێراق قسەیان لەبارەوەکرا.

لەراگەیەنراوەکەى ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتیی دا هاتووە، " لەبەر پێویستی و خۆگونجاندن لەگەڵ بارودۆخی ئێستای كوردستان و عێراق و گۆڕانكارییە زۆر و خێراییەكان لەناوخۆ و دەوروبەر و زیاتر گوڕوتین بەخشین بە ئۆرگانەكان، هەروەها بە گوێرەى پەیڕەوی ناوخۆ، ئەنجوومەنی سەركردایەتی بریاری دا لە ساڵى ٢٠٢٠ كۆنگرە ئەنجام بدرێت و دەسەڵاتی پێویستی دا بە مەكتەبی سیاسی هەنگاو و رێكارە پەیڕەویەكان دەست پێ‌ بكات".

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، "رووداوە گرنگەكانی ساڵی 2019 و سەرەتای ساڵی 2020 كە كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر كۆی پرۆسەی سیاسی عێراقی كرد گفتوگۆیان لەسەر كرا، گرنگی كار تێكردنەكانیان لەسەر سیاسەت و ئابوری و پەیوەندیەكان كۆماری عێراق لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی و جیهانی دەرەوە لە ئاكامی ئەو كردار و پەرچەكردارانەی روویان داو هەروەها بڕیار و راسپاردەكانی پەرلەمان و حكومەتی عێراق لەو چەند مانگەی رابردوو بە دوور بوو لەو بنەما و پرەنسیپە سەرەكییانەی دوای رووخانی رژێم لە ساڵی2003 دەوڵەتی عێراقی لەسەر بنیات نراوە كە ئەویش شەراكەت و تەوافق و تەوازن بوە لە حوكمرانی بۆ هەموو پێكهاتەكانی نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزایی و بەشداری هەمووان لە بڕیارە چارەنووسسازەكان".

هەروەها هاتووە، "باس لەو نیگەرانی و مەترسیانە كرا كە لەسەر عێراق هەیە بە شێوەیەكی گشتی و كردنی عێراق بە ساحەی تصفیەی حساباتی وڵاتانی هەرێم و جیهانی، بارودۆخی عێراق سەرەڕای ئەو هەموو گیروگرفتە ناوخۆیەی چ لە رووی حوكمرانی و ئابوری و دیبلۆماسی و چ لە رووی گرژی و ناتەبایی نێوان لایەنەكانی بەشدار لە دەسەڵات و چ لەگەڵ خۆپێشاندەرانی بەغدای پایتەخت و شارەكانی دیكی باشور كە ماوەی سێ‌ مانگە بە چارەسەرنەكراوی ماوەتەوە و خەریكە خەڵكی عێراق باجی خیلافات و هەڵوێستە دژ بە یەكەكانی دەرەوەی سنورەكانی دەكەوێتە ئەستۆ، سەرەرای مانەوەی مەترسی گەورەی ئیرهاب كە تاكو ئێستا داعش كۆتایی نەهاتووە بەڵكو بەردەوام هەڕەشەیە لە سەقامگیری و دابین كردنی ئەمنیەت ئەمە جگەلەوەی باری ئابوری هاونیشتمانیانی عێراق لە ئاستێك دا نییە بەرگەی قەیرانی زیاتر بگرێت، بەتایبەتی كە رێژەی بێكاری بەرزبووەتەوە بەجۆرێك كە  زیاتر لە 30% خەڵكی پارێزگاكانی ناوەراست و باشور لە خوار هێڵی هەژاریدان".

ئاماژەبەوەشکراوە، "كۆبوونەوەکە پشتیوانی بۆ هەوڵ كۆششەكانی حكومەت و دامەزراوەكانی یاسایی دەكات لە راستی چاكسازی و رێكخستنەوەی كاروبارەكان لەو بوارانەی پێویست دەكات بۆ هێنانەدی خواستی هاوڵاتیانی كوردستان و زیاتر دابینكردنی ئاسوودەیی، هەر وەكو لە بەرنامەی پارتیمان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی پێكراوە".