سەردێڕ:

دەرباز محەمەد: یاسای چاکسازیی هەنگاوێکى گرنگى حکومەتە

فۆتۆ: 
2020-01-18

1960 جار خوێندراوەتەوە

دەرباز محەمەد ئەندامى خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەو یاسای چاکسازییەی لە پەرلەمان دەرچووە، لە خەرجییەکاندا چاکسازی دەکات نەک لە داهات و هەنگاوێکى گرنگى حکومەتیشە.

دەرباز محەمەد ئەندامى خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە دوای تەواوبوونى کۆبوونەوەی جڤاتى بزوتنەوەى گۆڕان ڕایگەیاند،"ئەم یاسایە کارە نایاساییەکانی ڕابردوو چاکدەکاتەوە، سندوقی خانەنشینی دادەنێت و ئەگەر جاران چەند دەزگایەکی خانەنشینی هەبووبێت لێرەدا یەک دەزگا بۆ خانەنشینی دەبێت".

باسی لەوەشکرد، "لە ئێستادا پشتگیری لە بڕگەی خانەنشینی پلەباڵاکان دەکەین و ئەگەر لە داهاتوودا کەمتریش بکرێتەوە هەر پشتگیری دەکەین، ئەندامەکانیشمان سەرپشکن لەوەی خانەنشینی ڕەتدەکەنەوە یان قبوڵی دەکەن".

هەر لە کۆنفرانسەکەدا ئاماژەی بەوەشكرد، "ئەم هەنگاوە یەکێکە لە کۆمەڵێک هەنگاوی دیکە، ئێمەش دوو کار بەلامانەوە زۆر گرنگن ئەوانیش چاکسازی لە داهاتدا کە لە ئێستادا لە هەوڵی ئەوەداین ڕاپۆرتی خۆمان بنووسین، لەگەڵ ڕۆتینی دامودەزگاکان کە بەشێکی بووەتە بارگرانی و هەروەها باشترکردنی خزمەتگوزاری و هەلی کار".

دەربارەی کارەکانیش لە کوردستاندا ڕایگەیاند، "ئێمە پێمان خۆشە زوو ئەم کارانە جێبەجێبکرێت، بەڵام لە کوردستاندا وایە کارێکی یەک مانگی بە شەش مانگ ئەنجامدەدرێت."

وتیشی، "گرنگی یاسا لە جێبەجێکردنیەتی، یاسا هەبووە جێبەجێنەکراوە یان بە هەڵە لێی لابراوە، ئەگەر بە قۆرغکاری بووبێت یان بە گەندەڵی، بەڵام گرنگە حکومەت هەفتانە یان مانگانە وەڵامی خەڵک بداتەوە، و پێیان ڕابگەیەنێت یاساکە گەیشتووە بە کوێ".

هـ.ئـ