سەردێڕ:

لیبیا.. لایه‌نگرانی حه‌فته‌ر به‌نده‌رێکى هه‌نارده‌كردنی نه‌وتیان داخست

فۆتۆ: 
2020-01-18

3106 جار خوێندراوەتەوە

گروپێكی چەکداری سه‌ر به‌ خه‌لیفه حه‌فته‌ر بۆ وه‌ستاندنی هه‌نارده‌ كردنی نه‌وت به‌نده‌ری زوه‌یتینه‌یان لە لیبیا داخست.

ئه‌حمه‌د میسماری وتەبێژى هێزه‌كانی سه‌ر به‌ حه‌فته‌ر له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، داخستنی ئه‌و به‌نده‌ره‌ به‌ته‌واوی كاری بزوتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری بووه‌ و له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی هۆزه‌كان و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نییه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌ و له‌ دۆخێكی وه‌ك ئێستادا ئه‌ركی سه‌ر شانمانه‌ فه‌رمانه‌كانی گه‌ل به‌جێبهێنین.

ڕاشیگەیاندووە، كه‌ ئه‌وان هیچ ده‌ستێكیان له‌ خۆپیشاندانه‌كان و رێگریكردن له‌ هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی به‌نده‌ره‌كه‌ نه‌بووه‌ و ئەو خۆپیشاندەرانە پێیان وایە داهاتی به‌نده‌ری زوه‌یتینه‌ ده‌چێت بۆ حكومه‌تی سەراج (ته‌بایی نیشتیمانی).

هاوکات، ئەمڕۆ گروپێك لە خۆپیشانده‌ران و لایه‌نگرانى خەلیفە حه‌فته‌ر هه‌ڵیانكوتايه‌ سه‌ر به‌نده‌ری زوه‌یتینه‌ی رۆژهه‌ڵاتی لیبیا كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ناوه‌نده‌ گرنگه‌كانی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت و داوایان له‌ كارمه‌نده‌كانی كردووه‌ به‌نده‌ره‌كه‌ دابخه‌ن.

هەروەها، وڵاتی لیبیا تا ساڵی ٢٠١٠ وە رۆژانه‌ ملیۆنێك و ٦٠٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌م ده‌هێنا، به‌ڵام پاش رووداوه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی ئه‌م رێژه‌یه‌ به‌رده‌وام له‌ كه‌مبوونه‌وه‌دایه.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر سه‌رۆكی چه‌ند هۆزێكی ناوچه‌ی زوه‌یتینه‌ كه‌ له‌ژێر كۆنتڕۆڵی هێزه‌كانی حه‌فته‌ردان رێپێوانێكیان ڕێکخست بەئاراستەى بیره‌ نه‌وتییه‌كانی ناوچه‌كه‌ و داوایان كردبوو كاركردن له‌و بیرانه‌ بوه‌ستێندرێت، چونكه‌ داهاته‌كه‌یان بۆ حكومه‌تی ته‌ڕابلوسه‌.