سەردێڕ:

هۆکاری درەنگ دانپێدانانی ئەمریکا بە بریندارەکانی بنکەی عەین ئەسەد ئاشکراکرا

فۆتۆ: 
2020-01-17

17284 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسێکی ئەمریکی هۆکاری درەنگ دانپێدانانی ئەمریکای بە بریندارەکانی بنکەی عەین ئەسەد ئاشکراکرد.

بەرپرسێکى ئه‌مه‌ریكا بە سی ئێن ئێنی ڕاگەیاندووە‌، هۆکاری دواکەوتنی ئاشکراکردنی بریندارەکان بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ کە کاریگەری بۆردومانەکە دوای چەند ڕۆژێک  لەسەر جەستەى سەربازەکان دەرکەوتووە.

ئەوەشی وتووە، ئەو ١١ سەربازە نێردراون بۆ دوو بنکەى چارەسەری لە ئەڵمانیا و کوەیت و  هۆکاری  ناردنەکەشیان بۆ ئەوەبووە کە رێگە بگیرێت لە هەر کاریگەری و پێشهاتێکى خراپ لەسەر ئەو سەربازانە.

ئەمەش لە دوای ئەو هات، ئەمڕۆ هێزەکانى ئەمریکا ئاشکرایانکرد، لە هێرشەکەی سەر بنکەی عەین ئەسەد  ١١  سەربازیان بە موشەکەکانى ئێران برینداربوون.

لەراگەیەنراوێکدا فەرماندەى ناوەندى هێزەکانى ئەمریکا ئاماژەى بەوەکردووە، بەمەبەستى چارەسەرکردنیان، ئەو ١١ سەربازە رەوانەى ناوەندى لاستندولى پزیشکى لە ئەڵمانیا کران.

هاوکات جەختیشیکردەوە، کە هیچ سەربازێکیان لە هێرشەکە نەکوژراوە ، تەنها بەهۆى تەقینەوەکەوە ئەو ١١ سەربازە برینداربوون و چارەسەریان وەرگرتووە و ئەوانى دیکەش بۆ پشکنینى زیاتر براونەتە سەربازگەى ئەریفجان لە کوەیت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر لە کاردانەوەى کوژرانى قاسم سولەیمانى، سوپاى پاسدارانى ئێران ژمارەیەک موشەکى ئاراستەى بنکە سەربازییەکانى ئەمریکا کرد لە عێراق و هەولێر كە بنكەی عەین ئەسەد یەكێك بوو لەو بنكانە.