سەردێڕ:

مەزڵوم کۆبانێ: ئەو ڕاپۆرتانەی لاڤرۆڤ باسیان دەکات ورد نین

فۆتۆ: 
2020-01-17

5577 جار خوێندراوەتەوە

مەزڵوم کۆبانێ لە تویتێکیدا وەڵامی لێدوانێکى وەزیری دەرەوەی ڕوسیای دایەوە و تیایدا ڕایگەیاندووە، ئەوانەى لاڤرۆڤ باسیان دەکات ورد نین.

مەزڵوم عەبدی ناسراو بە مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، لە توێتێکیدا وەڵامی لێدوانێکى سێرگی لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوەی ڕوسیای داوەتەوە کە ئەمڕۆ ڕایگەیاندبوو، "نزیکەى ١٠ هەزار تیرۆریست لە رۆژهەڵاتی روبارى فورات، لە سوریادا بوونیان هەیە"، لەو بارەیەوە موزڵوم کۆبانێ ئاماژەی بەوەکردووە، "ئەو ڕاپۆرتانەی لاڤرۆڤ باسیاندەکات وورد نین، ھاوکاری ڕۆژانەی ھێزەکانمان لەگەڵ ھێزە نێونەتەوەییەکان لەنێویاندا ئەمریکا و ڕوسیا سەبارەت بە چارەنوسی دەستگیرکراوە داعشەکان هەیە".

باسی لەوەشکردووە، "سەرکەوتوبووین لە ئیدارەدانی ئەو دۆسیەیەدا کە ئاسایش و ئاشتی جیھانی دەپارێزێت، سەرەڕای توانا سنووردارەکانمان و ھەڕەشەکانی تورکیا بۆ سەر ئاشتی و ئارامی ناوچە دەستبەسەرکراوەکان".

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاند، " لەگەڵ ئەوەی قەیرانی سوریا پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە و بەرەو چارەسەر دەڕوات، بەڵام نزیکەى ١٠ هەزار تیرۆریست لە رۆژهەڵاتی روبارى فورات، لە سوریادا بوونیان هەیە و ئەرکی لەپێشینەی روسیاش رووبەڕووبوونەوەیانە".

باسی لەوەشکردبوو، ئەوان لێکۆڵینەوە لەو دەنگۆیانە دەکەن کە باس لە ئازادکردنی چەکدارانى داعش لە زیندانەکانی ژێر دەستى هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)دا دەکەن، کە گوایە هەسەدە بە نرخێکى گونجاو ئازادیان دەکات.

هـ.ئـ