سەردێڕ:

سەرۆكی ئەرجەنتین بۆ چەند کاتژمێرێک گەڕایەوە سەر كارەکەی پێشووی

فۆتۆ: 
2020-01-17

5910 جار خوێندراوەتەوە

ئەلبێرتۆ فرناندێز سەرۆكی نوێی ئەرجەنتین، بۆ چەند كاتژمێرێك گەڕایەوە سەر كاری پێشووی كە سەرپەرشتیكردنی تاقیكردنەوەكانی قوتابیانى زانکۆ بووە لەو وڵاتەدا.

ئەلبێرتۆ فرناندێز، كە سێشەممەی رابردوو سوێندی یاسایی خوارد و بوو بە سەرۆكی ئەو وڵاتە، ئەمڕۆ هەینی لە زانكۆی بیونس ئایرس لە پایتەخت بینرا، كاتێك لەلایەن قوتابیەكانییەوە وەك شتێكی سەیر تەماشایان كرد، هاتبوو بۆ چەند كاتژمێرێك سەرپەرشتی تاقیكردنەوەی وانەی تاوان و دادپەروەری بكات، کە پێش ئەوەى هەڵبژێردرێت بۆ سەرۆکى وڵات، مامۆستای ئەو وانەیە بووە لە بەشى یاسا.

لەگەڵ گەیشتنى سەرۆكی ئەرجەنتین بۆ ناو زانکۆکە، ژمارەیەکى زۆر لە هێزە ئەمنییەکان لەبەردەم زانکۆ و ناو هۆڵەکانى تاقیکردنەوەکان بڵاوەیان پێکرا.

فرناندێز بۆ چەند کاتژمێرێک بە چاکەت و بۆینباخەوە لە بەرامبەر هۆڵى تاقیکردنەوەکان لەسەر کورسییەک دانیشتبوو کە پێشتر لەو شوێنەوە وانەکانی بۆ قوتابییەکان باسدەکرد، قوتابییەکانیش لەو کاتەدا تاقیکردنەوەى کۆتاییان ئەنجام دەدا، دواى تەواوبوونیشیان وێنەیەکى بەکۆمەڵیان لەگەڵ سەرۆکى وڵاتەکەیان گرت.

فرناندێز، پێش ئەوەى ببێتە سەرۆکى ئەرجەنتین کەسایەتییەکى ناسراو نەبوو، تەنانەت ئەو کاتەی مامۆستای زانکۆش بوو لە ناو خەڵکدا ناسراو نەبوو هەتا پێش بوونى بە پاڵێوراو بۆ پۆستى سەرۆکى وڵات ئەو کاتە ناسرا.

فرناندێز، سەر بە پارتى چەپى میانڕەوەى ئەرجەنتینە و لەکاتى وەرگرتنى پۆستى نوێى سەرۆکى ئەو وڵاتە، بە ئۆتۆمبێلەکەى خۆى و لە نێو ئاپۆراى جەماوەرەکەیدا، و بە چەپڵەلێدان بەرەو ئاهەنگى وەرگرتنى ئەو پۆستە بۆ کۆشکى وڵات بەڕێکەوتبوو.