سەردێڕ:

فەرەنسا هێزی تایبەتی سەربازیی لە کەنداو جێگیرکرد

فۆتۆ: 
2020-01-17

3472 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، چەند یەکەیەک لە هێزی ئۆپراسیۆنە تایبەتەکانی وڵاتەکەی لە کەنداو جێگیرکراون.

میدیا فەرەنسییەکان بڵاویانکردەوە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاندووە، "سەرباری گۆرانکارییەکانی ئەو ناوچەیە، هێزەکانمان لە شەڕکردن لەدژی داعش بەردەوام دەبن و هاوکات، جگە لە جێگیرکردنی چەند یەکەیەکی هێزی تایبەتی فەرەنسی، کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگرمان بەناوی "شارل دوگۆل" بەرەو ئاوەكانی کەنداو ناردووە".

راشیگەیاندووە، کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکە بۆ هاوکاری و پاڵپشتی هێزە تایبەتەکانیان لەم مانگەوە هەتا نیسانی داهاتوو لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ساڵی ٢٠١٩ ساڵێکی مەترسیدار بوو لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا بەوەی ئەمریکا چەندین سزای قورسی بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاند، پێشتریش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ڕێککەتنە ئەتۆمییەکەی وڵاتانی ٥+١ و ئێران کشایەوە و هەروەها، کەشتی سەربازیی گەورەی بەرەو ئاوەكانی كەنداو رەوانەکرد.

لە ماوەی رابردووشدا، گۆڤاری فۆرەن پۆڵەسی ئەمریکی بڵاویکردبوویەوە، کە ململانێکانی کەنداو پێناچێت لە ساڵی ٢٠٢٠دا بەرەو پوکانەوە بڕۆن، بەڵکو پێشبینیدەکرێت کە ئەمساڵ، ساڵی کوڵانی دۆخەکە بێت.

هـ.ب