سەردێڕ:

موسڵ.. سەرکردەیەکى داعش دەستگیرکرا

فۆتۆ: 
2020-01-16

2094 جار خوێندراوەتەوە

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق دەستگیرکردنى سەرکردەیەکی داعش، کە موفتى شەرعى رێکخراوەکە بووە لە موسڵ راگەیاند.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٦ى کانونى دووەمى ٢٠٢٠، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، فەوجی سواتی سەر بە فەرماندەیی پۆلیسی نەینەوا، پاڵپشت بە زانیاریی هەواڵگری، (شیفا نعمەت) ناسراو بە ئەبوعەبدولباری، بەرپرسی بە ناو شەرعی و موفتیی داعش،  لە گەڕەکی مەنسوری بەری راستی موسڵ دەستگیرکردووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەبوعەبدولباری پێشنوێژ و تارخوێنبووە لە چەند مزگەوتێکى شارەکە، و بە یەکێک لە سەرکردە باڵاکانى رێکخراوی داعش دادەنرێت، و بەرپرسی دەرکردنی فتوای تایبەت بە لە سێدارەدانی ژمارەیەک زانا و پیاوی ئایینی بووە کە رەتیان کردووەتەوە بەیعەت بە داعش بدەن.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی باسیلەوەشکردووە، ئەبوعەبدولباری فتوای تەقاندنەوەی مزگەوتی نەبی یونسی داوە و لە وتارەکانیدا هانى خەڵکیداوە بۆ کوشتنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق.

لەلایەکیترەوە، هەر ئەمڕۆ هێزى ئاسمانى عێراق بە فرۆکەى ئێف ١٦ بۆردومانى چەند پێگەیەکى داعشى کرد لە سنورى چیاکانى حەمرین و ژمارەیەک چەکدارى داعش کوژران و تەواوى پێگەکانیشیان وێرانکران.