سەردێڕ:

ئەمریکا ئۆپراسیۆنی هاوبەشی لەگەڵ عێراق دەستپێکردەوە

لەدوای کوشتنی سولەیمانییەوە راگیرابوو
فۆتۆ: 
2020-01-16

9372 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی بۆ نزیکەی ١٠ رۆژ و لەدوای کوشتنی سولەیمانییەوە وەستابوو، بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا رایانگەیاند، وڵاتەکەیان ئۆپراسیۆنی هاوبەشی سەربازیی لەگەڵ عێرقدا دەستپێکردووەتەوە.

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری چەند بەرپرسێکی سەربازیی ئەمریکاوە بڵاویکردووەتەوە، لە دوێنێ چوارشەممەوە ئۆپراسیۆنی هاوبەشی سەربازیی هێزەکانی ئەمریکا و عێراق دەستیپێکردووەتەوە و ئەوەش، دوای نزیکەی ١٠ رۆژ دێت لەوەی پەرلەمانی عێراق بڕیاری کردنەدەرەوەی هێزە بیانییەکانی قەدەغەکرد.

ئاماژە بەوەشکراوە، دوو بەرپرسی سەربازیی ئەمریکی باسیانلەوەکردووە، سوپای وڵاتەکەیان ویستویەتی بە زووترین کات دەست بە ئۆپراسیۆنەکانی بکاتەوە و ئەوەش، بۆ بەرگرتنە لە هەر هەوڵێکی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) کە نەوەک سودی لەو ١٠ رۆژە وەرگرتبێت کە ئۆپراسیۆنی هێزەکانی ئەمریکا راگیرابوو.

ئەمەش لەکاتێکدایە، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی دەستلەکارکێشاوەی عێراق لە چەند رۆژی رابردوودا بە مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکای راگەیاندبوو، کە نوێنەریان بنێرن بۆ تاوتوێکردنی وردەکاریی کشانەوەی هێزەکانیان، بەڵام پۆمپیۆ لەبەرامبەردا رایگەیاندبوو، ئەوان بۆ راهێنان بە هێزە عێراقییەکان و بەرپەرچدانەوەی داعش لە عێراقن و هەر بەردەوامیش دەبن لە ئەرکەکانیان.

هـ.ب