سەردێڕ:

​وەزیری دەرەوەی قەتەر لەگەڵ بەرپرسانى هەرێم کۆبووەوە

فۆتۆ: 
2020-01-15

3008 جار خوێندراوەتەوە

محەمەد عەبدولرەحمان ئالسانی وەزیری دەرەوەی قەتەر گەیشتە هەولێر و لەگەڵ  سەرۆکی هەرێم  و سەرۆکی حکومەت کۆبووەوە.

پەیامنێرى دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى ڕایگەیاند، کەمێک پێش ئێستا شاندێکی حکومەتى قەتەر بەسەرۆکایەتى محەمەد عەبدولڕەحمان وەزیری دەرەوەی قەتەر گەیشتە هەولێر و لەلایەن قوباد تاڵە‌بانی جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وزیران لە ‌فڕۆكە‌‌خانە‌ی  ھە‌ولێر پێشوازی لێکرا.

ئەوەشی وت، وەزیری دەرەوەی قەتەر  لەگەڵ هەریەک لە مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان  و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمدا کۆبووەتەوە.

دەربارەی تەوەری گفتووگۆکانیان ڕوونیکردەوە، "بەشێکی سەرەکی گفتوگۆکانیان دەربارەی دوا گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بووە".

ئەوەش لە کاتێکدایە ماوەی چەند ساڵێکە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان  لە هەوڵی ئەوەدان پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دەرەوەدا و بە تایبەتیش وڵاتانی کەنداودا پتەوتر بکەن، بۆ ئەم مەبەستەش سەرکردەکانی هەرێم و بەرپرسە باڵاکان چەند جارێک سەردانی وڵاتانی کەنداویان کردووە و بە پێچەوانەوە بەرپرسانی ئەو وڵاتانەش بە سەردان هاتوونەتە هەرێم، لەو چوارچێوەیەشدا کۆتا سەردان ئێوارەی ئەمڕۆ بوو کە وەزیری دەرەوەی قەتەر گەیشتە هەولێر.