سەردێڕ:

یەکێتی خانەنشینان: دەبێت چاکسازیی هەموو داهاتەکانی هەرێم بگرێتەوە

فۆتۆ: 
2020-01-15

2438 جار خوێندراوەتەوە

یەکێتی خانەنشینانی کوردستان رایگەیاند، دەبوایە بەپێی یاسای یەکگرتووی خانەنشینی عێراق قسە لەسەر خانەنشینی لە هەرێم بکرایە.

ئەمڕۆ لە دوای گردبوونەوەیەکیان ئەندامانی لقی سلێمانی یەکێتی خانەنشینانی کوردستان، ئاماژەیان بەوەدا، "دەبوایە بەپێی یاسای یەکگرتووی خانەنشینی عێراق قسە لەسەر خانەنشینی لە هەرێم بکرایە، کە تاکە یاسای پەیڕەوکراوە لە سەرانسەری عێراق، نەک یاسایەک کە بەرژەوەندی پەرلەمانتاران و پلەباڵاکان دەستەبەربکات".

جەختیشیان کردەوە، "دەبێت چاکسازیی هەموو داهاتەکانی هەرێم، لە نەوت و خاڵەگومرکییەکان، باج و هەموو دەسکەوتەکانی دیکە بگرێتەوە".

هاوکات، کازم فاروق، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە گردبوونەوەکەدا رایگەیاند، "سبەینێ رۆژی دەرکەوتنی رەش و سپییە لەناو پەرلەماندا و دەردەکەوێت کێ دەنگدەدات بەوەی کە پارە و موچەی زەبەلاح بۆ خۆی ببڕێتەوە و ئەم خەڵکەی کە ساڵانێک خزمەتیانکردووە لەبەرچاونەگرێت".

ئەو گردبوونەوەیە لەکاتێکدایە، پەرلەمانى کوردستان خوێندنەوەى دووەمى بۆ پڕۆژەیاساى چاکسازی له‌ خانه‌نشینی موچه‌ و ده‌رماڵه‌ و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانی تر کرد و بڕیارە سبەی پێنجشەممە دەنگى لەسەر بدات.