سەردێڕ:

ئێران: لە شەوی بۆردومانەکەدا نامەیەکمان بۆ ئەمریکا ناردووە

فۆتۆ: 
2020-01-15

38275 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەو شەوەی کە ئێران دوو بنکەی سەربازی ئەمریکای لە هەرێم و عێراق موشەکبارانکرد، تاران لە ڕێگەی باڵیۆزخانەی سویسراوە نامەیەکی بۆ واشنتۆن ناردووە.

محەمەد جەواد زەریف لە لێدوانێکیدا کە کەناڵی فەرمی حکومەتی ئێران بڵاویکردووەتەوە، ئاماژە بەوەدەکات "لە نامەکەدا کە لە ڕێگەی سویسراوە ئاڕاستەی ئەمریکامان کرد، نوسیبوومان هێرشەکان بەرگریکردنە لە خۆمان".

هەرچەندە زەریف زانیاری زیاتری لەسەر نامەکە ئاشکرانەکردووە بەڵام ئاماژەی بەوەکردووە، بە ئەمریکایان وتووە ئێران بەرگری لە خۆی دەکات.

لە وەڵامی کوشتنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە، ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠، ئێران زیاتر لە ١٥ موشەکی ئاڕاستەی هەردوو بنکەی سەربازی ئەمریکی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار و بنکەی حەریر لە شاری هەولێر کرد، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە.

بەرەبەیانی ٣ی کانونی دووەمی ٢٠٢٠، ئەمریکا لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس و ژمارەیەک سەرکردەی حەشدی شەعبی بە ئامانجگرت و تێیدا جگە لەو دوو سەركردە شیعەیە ژمارەیەك ئەندامی حەشدی شەعبیش کوژران.