سەردێڕ:

ئەمریکا تاوتوێی راگرتنی هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ عێراق دەکات

فۆتۆ: 
2020-01-15

3333 جار خوێندراوەتەوە

ئیدارەی ترەمپ، لە حاڵەتی کردنەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا، ئامادەکاریی بۆ ڕاگرتن و بڕینی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە بۆ عێراق دەکات و لەناویشیاندا بڕینی ٢٥٠ ملیۆن دۆلار کە لە بودجەی ئەمساڵی ئەمریکادا بۆ ئەو بوارە تەرخانکراوە.

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی لەڕێگەی شیکردنەوەیەوە بۆ چەند ئیمەیڵێکی نێوان وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە بڵاویکردووەتەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و وەزارەتەکانی بەرگری و دەرەوەی ئەو وڵاتە لە تاوتوێدان سەبارەت بە ڕاگرتن و بڕینی هاوکارییە سەربازییەکانیان بۆ عێراق و لەناویشیاندا باسیان لە بڕینی ئەو ٢٥٠ ملیۆن دۆلارە کردووە کە لەژێر ناوی بەرنامەی هاوکاریی سەربازیی بۆ هاوپەیمانەکانی ئەمریکا بڕیاری لەسەر درابوو، هاوکات، لەلایەن کۆنگرێسی ئەو وڵاتەشەوە پەسەندکرابوو.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم بابەتە لەلایەن ئۆفیسی ڕۆژهەڵاتی نزیکی وەزارەتی دەرەوە تاوتوێ دەکرێت و هاوکات، پلانیشی داناوە کە داوا لە بەشی بودجەی کۆشکی سپی بکات تا ئەو ١٠٠ ملیۆن دۆلارەی لە بودجەی ئەمریکا بۆ ساڵی ٢٠٢١ و بۆ هەمان بابەت دانراوە، ببڕدرێت.

رۆژنامەکە نوسیویشیەتی، لە ئیمەیڵەکاندا هیچ بڕیارێکی کۆتایی نەدراوە، بەڵام هەموو ئەم ئەگەرانە باسکراون تا لە حاڵەتی کردنەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکادا لە عێراق، جێبەجێبکرێن.

ئەمەش لەکاتێکدایە، بەهۆی گرژییەکانی ئەمریکا و ئێران و دوای کوشتنی فەرماندەیەکی پلەیەکی ئێرانی لەسەر خاکی عێراقدا و لەلایەن ئەمریکاوە، پەرلەمانی عێراق، بەبێ کورد و سوننە، بڕیاری کردنەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکای لە خاکی وڵاتەکەیدا پەسەندکرد.

هـ.ب