سەردێڕ:

زیندانیانى سیاسی: داواکانمان جێبەجێ نەکرێن لە دادگاى فیدڕاڵى سکاڵا تۆماردەکەین

لەبەردەم پەرلەمانى کوردستان گردبوونەوە
فۆتۆ: 
2020-01-15

2143 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ زیندانیانی سیاسی لەبەردەم پەرلەمانی کوردستان گردبوونەوە و داوایانکرد، ئیمتیازاتەکانیان لە پرۆژەیاسای چاکسازییدا دەستکاری نەکرێن، بەپێچەوانەوە سکاڵاى یاسایی لە دادگاى فیدڕاڵى تۆماردەکەن.

لە ڕاگەیەندراوێکدا زیندانییە سیاسییەکان ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد، پێویستە ئیمتیازاتەکانیان بەدەربکرێت لەو بڕگەیەی یاسای چاکسازیی کە دەبێتە هۆی بڕینی ئیمتیازاتەکانیان.

داواشیان کرد، حکومەت پابەند بکرێت بەوەی موچەکانیان هاوتای بەغدا بکرێت، دەشڵێن، ئەگەر داواکارییەکانیان جێبەجێنەکرێت، دەستکراوە دەبن لە تۆمارکردنى داوای یاسایی لە دادگاى فیدڕاڵى بۆ زامنکردنى مافەکانیان.

هاوکات کاوە عەبدولقادر جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی لە گردبوونەوەکەدا پشتیوانى خۆی بۆ داواکارییەکانیان دەربڕی و ڕایگەیاند، داکۆکی لە داواکارییەکانی زیندانیانی سیاسی دەکەن و دەبێت حکومەت ڕەچاوی بار و گوزەرانیان بکات.

ئەو گردبوونەوەیە لەکاتێکدایە، پەرلەمانى کوردستان خوێندنەوەى دووەمى بۆ پڕۆژەیاساى چاکسازی له‌ خانه‌نشینی موچه‌ و ده‌رماڵه‌ و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانی تر کۆتایی پێهێنا و بڕیارە سبەی پێنجشەممە دەنگى لەسەر بدات.