سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. دوو موشەک بەر فڕۆکە ئۆکرانیەکەی ئێران دەکەوێت

فۆتۆ: 
2020-01-15

40112 جار خوێندراوەتەوە

لە گرتەڤیدیۆیەکی نوێدا کە لەلایەن کامێرای چاودێرییەوە تۆمارکراوە، نیشانیدەدات کە بەرگری ئێران دوو موشەک ئاڕاستەی فڕۆکەکەی هێڵی ئاسمانی ئۆکرانیا دەکات و دەیخاتەخوارەوە.

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە ماڵپەڕەکەیدا گرتەڤیدیۆیەکی نوێی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا دەریدەخات لە بنکەیەکی سەربازییەوە کە نزیک بە ١٣ کیلۆمەتر دوورە لە فڕۆکەکەوە، دوو مووشەک ئاڕاستەی فڕۆکەکە دەکرێت و بەهۆیەوە دەکەوێتەخوارەوە و دەتەقێتەوە.

هاوکات، رۆژنامەکە سەبارەت بە جیاوازیی رێککەوتی ناو گرتەڤیدیۆکە و رۆژی روودانی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە نوسیویەتی، "لە ڤیدیۆکەدا لەجیاتی رۆژی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە، کە ٨ی ١ی ٢٠٢٠ بووە، رێککەوتی ١٧ی ١٠ی ٢٠١٩ دەردەکەوێت، بەڵام رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بۆچوونی وایە کە سیستمی کامێرا چاودێرییەکە، لەجیاتی بەکارهێنانی رۆژژمێری گریگۆری (ئەوەی کە زۆربەی جیهان بەکاری دەهێنێت)، رۆژژمێری فارسی تێدا بەکارهاتووە. ئەوەش، بەشێوەیەکی دیجیتاڵی ٨ی ١ یەکسان دەکات بە رۆژی ١٨یەمینی مانگی ١٠ی ٢٠١٩. هاوکات، جیاوازی ئەو یەک رۆژەش (لەکامێراکەدا ١٧ی مانگ و لە بەراورددا ١٨ی مانگ) دەتوانرێت بە جیاوازیی لە ژماردنی رۆژەکانی ساڵدا لەنێوان رۆژژمێری گریگۆری و فارسیدا لێکبدرێتەوە".

رۆژی هەشتی ئەم مانگە فڕۆکەیەکی ئۆکرانی بە ١٧٦ سەرنشینەوە لە نزیک تاران کەوتەخوارەوە و سەرجەم سەرنشینەکانی کە زۆرینەیان ئێرانی بوون گیانیان لەدەستدا.

ئەمەش لەکاتێکدایە، هەرچەندە سەرەتا دەوترا فڕۆکەکە بە هۆکاری تەکنیکی کەوتووەتە خوارەوە، بەڵام بەرەبەیانی رۆژی ١١ی ئەم مانگە سوپای پاسداران رایگەیاند، فڕۆکەکە بە هۆی هەڵەیەکی مرۆییەوە لە لایەن سیستەمی بەرگری ئاسمانیەوە خراوەتەخوارەوە.


هـ.ب