سەردێڕ:

حیزبوڵای عێراق: پێویستە خۆمان بۆ شۆڕشێکی میللی دژ بە ئەمریکا ئامادەبکەین

فۆتۆ: 
2020-01-14

3699 جار خوێندراوەتەوە

حیزبوڵای عێراقی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "پێویستە گەلی عێراق خۆی بۆ شۆڕشێکی گەورەی میللی دژ بە ئەمریکا ئامادەبکەین".

حیزبوڵای عێراقی ئەمڕۆ سێشەممە، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا باس لەوە دەکات، "سەرپێچی و تاوانەکانی هێزە داگیرکەرەکان لە زیادبووندان، لەگەڵ زۆربوونی بێزارکارییەکانیان لەسەر زەوی پیرۆزەکان و سوورن لەسەر بەرەنگاربوونەوەی ویستی گەلی عێراق".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "بە ڕەتکردنەوەی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی بۆ دەرکردنی هێزەکانیان لە عێراق، ئەوەیان نیشاندا کە رێز لە ویستی گەل ناگرن، هیچ سەنگێکیش بۆ یاساکانی دەوڵەت دانانێن".

ڕاشیگەیاندووە، "گەلی ئێمە چەند بژاردەیەکی هەیە لەبەردەم ئەم بەرەنگاربوونەوەیەدا، بەتایبەتیش لەم دۆخەدا، کە ئامادەکاریکردنە بۆ شۆڕشێکی میللی یەکگرتوو، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی ئەمریکا"، ئاماژەی بەوەشكردووە، "دەبێت جیهان بیبینێت کە چۆن ئەم شۆڕشە دەبێتە وانەیەکی نوێ و مایەی شانازی بۆ هەموو گەلانی جیهان".

باس لەوەش دەکات، "ویستی گەل بە ستەمکارەکان نابەزێنرێت".

ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتریش سوپای ئەمریکا لە بۆردمانێکدا زیاتر لە ٢٥ ئەندامی حزبوڵای عێراقی کوشت و دواتریش لە کاردانەوەی ئەوەدا هێرشکرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا و ئەو ڕووداوانەش بووە هۆی ئەوەى ئەمریکا هەر یەک لە قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس بکوژێت.