سەردێڕ:

بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا: ناکۆکییە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئێران یەکلایی دەکەینەوە

فۆتۆ: 
2020-01-14

3013 جار خوێندراوەتەوە

بەریتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا رایانگەیاند، "بەهۆی ئەوەی تاران رێزی لە پابەندبوونەکانی بە رێککەوتنی ئەتۆمییەوە نەگرتووە، ناکۆکییە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئێران یەکلایی دەکەینەوە".

بەریتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا راگەیەندراوێکی هاوبەشیان سەبارەت بە پێشهاتەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بڵاوکردووەتەوە و تیایدا سەرکردەکانی ئەو سێ وڵاتە ئاماژەیان بەوە کردووە،  "هیچ بژاردەیەکیان لە بەردەمدا نەماوە بەرامبەر بە هەڵسوکەوتەکانی ئێران".

هێیکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، "لەگەڵ بەریتانیا و فەڕەنسا لەوە زیاتر ناتوانن لە بەرامبەر پێشێلکارییەکانی ئێران لە رێککەوتنی ئەتومییدا، بێدەنگ بن و وەڵامیان نەبێت".

وتووشییەتی، "ئامانجمان روونە و دەمانەوێت رێککەوتنی ئەتۆمی بپارێزین، هەوڵیشدەدەین لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەدا، بگەین بە چارەسەری دیپلۆماتی، بۆیە داوا لە ئێران دەکەین بەشداری بکات لەو دانوستانەی کە ئێستا دەستی پێکراوە".

ئەوەش لە کاتێکدایە مەبەست لە میکانیزمی یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییە ئەتۆمییەکان، ئەوەیە ئەگەر لایەنێکی ناو رێککەوتنی ئەتۆمی پێیوابوو لایەنێکی دیکەی ناو رێککەوتنەکە پابەندبوونەکانی جێبەجێ ناکات، ئەوا دەتوانێت ژمارەیەک هەنگاو بە ئامانجی یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکە بنێت، ئەگەر ئەوە رووی نەدا ئەوە دۆسییەکە بە ئامانجی یکلاییکردنەوەی، رەوانەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکرێت، بۆ ئەوەی دووبارە سزا بەسەر ئەو لایەنە بسەپێندرێتەوە کە پابەندبوونەکانی لە رێککەوتنی ئەتۆمییدا جێبەجێ ناکات.

له‌ ساڵی ٢٠١٥دا رێككه‌وتنێك بۆ رێكخستنی چالاكییه‌ ئه‌تۆمییه‌كانی تاران له‌ نێوان ئێران لە لایەک و چین، ئەمریکا، فه‌ڕه‌نسا، رووسیا، به‌ڕیتانیا و ئه‌ڵمانیا لەلایەکی دیکەوە واژوو كرا.

به‌ڵام كاتێك دۆناڵد تره‌مپ بە سەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێردرا و دەستی بە راپەڕاندنی ئەرکەکانی وەک سەرۆک کرد، یه‌ك لایه‌نه‌ له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ كشایه‌وه‌ و ده‌ستیكرده‌وه‌ به‌ سه‌پاندنی سزا به‌سه‌ر ئێراندا.

هاوکات به‌ڕیتانیا، فه‌ڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا گرووپی  "E3"یان پێكهێنا و پابه‌ندبوونی خۆیان به‌ رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ئێرانه‌وه‌ راگه‌یاند.

هـ.ئـ