سەردێڕ:

یەختێک بە نزیکەی ٥٠ کۆچبەرەوە لە ئاوەکانی یۆناندا نوقم بوو

فۆتۆ: 
2020-01-11

9296 جار خوێندراوەتەوە

بەیانی ئەمڕۆ یەختێک بە نزیکەی ٥٠ کۆچبەرەوە لە ئاوەکانی یۆنان و لە نزیک دوورگەی پاكسۆس نوقم بوو ، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان لە رووداوەکەدا ١٢ کەس خنکاون.

میدیاکانی یۆنان بڵاویان کردووەتەوە، بەیانی ئەمڕۆ شەممە، لە کەناراوەکانی نێوان یۆنان لە نزیک دوورگەی پاکسۆس، یەختێکی کۆچبەران نوقم بووە، بە پێی ئامارە سەرەتاییەکانیش نزیکەی ٥٠ سەرنشین لە یەختەکەدا بووە و ١٢یان خنکاون و ٢١ کەسیشیان رزگارکراون و تا ئێستا چارەنوسی ژمارەیەک کۆچبەریش نادیارە.

میدیاکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست، سیان لە ڕزگارکراوەکان بە هێلیکۆپتەر گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

میدیاکانی ئەو وڵاتە باس لەوە دەکەن، لە کاتی رووداوەکەدا کۆچبەرەکان پەیوەندییان بە هێڵی گەرمی ئەو وڵاتەوە کردووە و داوای یارمەتییان کردووە.

هاوکات، هێزە دەریاییەکان لە گەڕان و لێکۆڵینەوە بەردەوامن و تاوەکو ئێستا ناسنامەی کۆچبەرەکان ئاشکرانەکراوە.