سەردێڕ:

ئێران: فڕۆکە ئۆکرانییەکە بە هەڵە بە موشەک خراوەتەخوارەوە

فۆتۆ: 
2020-01-11

7836 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکایەتیی ئەرکانى هێزە چەکدارەکانى ئێران هۆکارى کەوتنەخوارەوەى فڕۆکە ئۆکرانییەکەى ئاشکراکرد و رایگەیاند، بەهۆى هەڵەیەکى مرۆیی پێکراوە و بە ئەنقەست نەبووە و ئەوانەشی بوونە هۆکاری کەوتنەخوارەوەکە دادگایی دەکرێن.

سەرۆکایەتیی ئەرکانى هێزە چەکدارەکانى ئێران لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە،  فڕۆکە ئۆکرانییەکە دواى هەستانى لەکاتى سوڕانیدا، تەواو نزیک بوو لە ناوەندێکی هەستیاری سەربازیی سوپای پاسداران و بەرزایی و شێوازی هەستانەوەکەی وەک هێرشبەر دەردەکەوێت کە بە هۆى هەڵەیەکی مرۆیی و بە بێ ئەنقەست، ئەو فڕۆکەیە پێکراوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، دوای هەڕەشەی سەرۆک و فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا سەبارەت بە کردنە ئامانجی خاکى ئێران و زیادبوونی جوڵەی ئاسمانی لە ناوچەکە، هێزی چەکداری ئێران بۆ وڵامدانەوەی هەموو هەڕەشەیەک  کەوتە حاڵەتی ئامادە باشیییەوە

باسی لەوەشکردووە، لە کاتژمێرەکانی دوای ئەو هێرشە موشەکیەی ئێراندا، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە دەوروبەری وڵات زۆر هاتوچۆی چڕیان بووە و هەندێ هەواڵیان پێگەیشت لەوەی کە ڕەنگە  چەند ناوەندێکی ستراتیژییان وڵات سەرنجیان خرابێتە سەر و هەندێ جوڵەی ئاسمانییش لە ڕادارەکاندا بینرا کە بووە هۆی هەستیاریی زیاتری کۆمەڵەی بەرگریی ئاسمانیی ئێران.

سەرۆکایەتیی ئەرکانى هێزە چەکدارەکانى ئێران ئەوەشی روونکردەوە، بە زووترین کات ئەوانەى لەم ڕووداوەدا هەڵەیان کردبوو دەدرێنە دادگای هێزە چەکدارەکان و ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەریان دەکرێت، داواى لێبوردنیشی لە بنەماڵەى قوربانییەکان کرد لەو هەڵە مرۆییەى کە روویدا.

ئەوەش لەکاتێکدایە رۆژى هەشتى ئەم مانگە فڕۆکەیەکى ئۆکرانى لە ئێران بە ١٧٦ سەرنشینەوە کەوتە خوارەوە و بەوهۆیەوە سەرجەم سەرنشینەکانى گیانیان لەدەستدا.

‌بەپەلە