سەردێڕ:

ترەمپ: زۆر بەخێرایی وەڵامی هێرشەکانی ئێران دەدەینەوە

فۆتۆ: 
2020-01-05

39822 جار خوێندراوەتەوە

تڕەمپ رایگەیاند، لە ئەگەرى کردنە ئامانجى هەر تاکێکى ئەمریکا یان بەرژەوەندییەکانیان، زۆر بەخێرایى ئامانجەکانى ئێران دەپێکن.

دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکى ئەمریکا لە تویتێکیدا هۆشدارى داوەتە ئێران و نووسیویەتى، "لە ئەگەرى کردنە ئامانجى هەر تاکێکى ئەمریکا یان بەرژەوەندییەکانمان، ئەوا زۆر بەخێرایى ئامانجەکانى ئێران دەپێکین."

هەر ئەمڕۆ، ترەمپ ڕایگەیاند، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەم دواییانە دوو ترلیۆن دۆلاری لە بواری کەرەستەى سەربازییدا خەرجکردووە. ئێمە گەورەترین و باشترینین لە جیهاندا. ئەگەر ئێران هێرش بکاتە سەر بنکەی ئەمریکی یان هاوڵاتی ئەمریکی، ئەوا بەبێ دوودڵی، هەندێک لەو  کەرەستە سەربازییە نوێیانە دەنێرینە سەریان".

ڕاشیگەیاندووە، "ئەوان هێرشیانکردە سەرمان و ئێمە لێماندانەوە. ئەگەر دووبارە هێرشبکەنەوە، کە من بە جدی ئامۆژگارییان دەکەم نەیکەن، ئەوا قورستر لێیان دەدەین، بەجۆرێک کە هەرگیز وا لێیان نەدرابێت".

شەوى رابردووش دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندبوو، "ئەگەر ئێران هێرش بکاتە سەر ئەمریکا یان هەر بەرژەوەندییەکی ئەمریکا، ئەوا ٥٢ ئامانجی ئێرانمان دیاریکردووە".

روونیشیکردبوویەوە، "هەندێک لەو ئامانجانە بۆ ئێران و کلتووری ئێرانییەکان زۆر گرنگن، ئەو ئامانجانە و خودی ئێرانیش، زۆر بە خێرایی و قورسی لێیان دەدرێت. ئەمریکا هەڕەشەی زیاتر قبوڵ ناکات."

بەرەبەیانی هەینی ڕابردوو، لە هێرشێکی ئەمریکادا لە بەغدا، هەریەک لە قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس و ژمارەیەک سەرکردەی باڵای حەشدی شەعبی کوژران.