سەردێڕ:

سەدر حەوت مەرجى بۆ پەرلەمان دیاریکرد

فۆتۆ: 
2020-01-05

25464 جار خوێندراوەتەوە

موقتەدا سەدر حەوت مەرجى لەسەر پڕۆژەبڕیارى دەركردنی هێزە بیانییەكان بۆ پەرلەمان دیاریكرد.

لەنامەیەكیدا موقتەدا سەدر سەرۆکى رەوتى سەدر، وەڵامی حكومەت و پەرلەمانی بۆ هێرشەكانی ئەمریكا بە لاواز ناوبردووەو حەوت خاڵیشی بەمەرج لەسەر پەرلەمان داناوە، كە پێویستە لە پڕۆژەبڕیارى دەركردنی هێزە بیانییەكاندا جێی بكاتەوە.

سەدر لە هەژماری تویتەری خۆیدا وینەی نامەیەكی بڵاوكردووەتەوەو تیایدا نوسیویەتی، " ئەو خاڵانەی بەمن گەیشتووە لە پرۆژەبڕیارى دەركردنی هێزە بیانییەكان وەڵامێكی لاوازن و لە ئاستی ئەو دەستدرێژییەدا نییە، كە ئەمریكا كردویەتییە سەر سەروەری عێراق".

سەدر لە نامەكەیدا، كە ئەمڕۆ لەلایەن یەكێك لە پەرلەمانتارانی سەر بە رەوتەكەیەوە لە پەرلەمانی عێرا ق خویندرایەوە داوای كردووە، پەرلەمان حەوت خاڵ لەو پرۆژەبڕیارە جێبكاتەوە، دەشڵێت، ئەگەر ئەو خاڵانەی ئەوان داوایانكردووە جێبەجێنەكرێت هەڵوێستی دیكەیان دەبێت.

داواكارییەكانی سەدر بریتین لە:

یەكەم: هەڵوەشاندنەوەی ڕێككەوتنامەی ئەمنی نێوان عێراق و ئەمریكا.

دووەم: داخستنی دەستبەجێی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق.

سێیەم: داخستن و دەركردنی بنكە سەربازییە ئەمریكییەكان.

چوارەم: بەتاوان ناساندنی هەر پەیوەندییەك لەگەڵ ئەمریكییەكان و دانانی سزا بۆ ئەو كارە.

پێنجەم: پشتبەستنی سوپای عێراق بە هێزە نیشتیمانییەكان بۆ پاراستنی سەروەری وڵات.

شەشەم: پاراستنی باڵیۆزخانەكانی وڵاتانی دیكە لە عێراق.

حەوتەم: بایكۆتكردنی سەرجەم بەرهەم و كاڵا ئەمریكییەكان لەلایەن حكومەت و گەلی عێراقەوە.

سەدر لە كۆتایی نامەكەیدا داوای لە سەرجەم گروپە چەكدارییەکانى ناو عێراق و دەرەوە كردووە، كۆبونەوەیەك بەمەبەستی دروستكردنی چەند یەكەیەكی بەرگریى نیودەوڵەتی ئەنجامبدەن.