سەردێڕ:

پەرلەمانى عێراق بۆ تاوتوێکردنى هێرشەکەى ئەمریکا کۆدەبێتەوە

فۆتۆ: 
2020-01-03

1866 جار خوێندراوەتەوە

بۆ تاوتوێکردنى هێرشەکەى ئەمریکا لە بەغدا، رۆژى یەکشەممە پەرلەمانى عێراق کۆبوونەوەیەکى نائاسایى دەکات.

فەرمانگەى راگەیاندنى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، رۆژى یەکشەممە پێنجى کانونى دووەمى ٢٠٢٠ دانیشتنى نائاسایى بۆ تاوتوێکردنى هێرشى ئەمریکا بۆ سەر سەروەرى خاکى عێراق و دۆسیەى کوژرانى قاسم سولەیمانى دەکرێت.

ئاماژە بەوەشکراوە دانیشتنەکە کاتژمێر یەکى پاشنیوەڕۆ دەبێت.

ئەمڕۆ هەینى سەرۆکایەتى پەرلەمانى عێراق وەرزى یەکەمى یاسادانى خۆى بەپێى ماددەى ٥٧ى دەستور درێژکردەوە، بەهۆکارى ئاڵۆزى دۆخى عێراق و پێویستبوونى پەسەندکردنى چەند پڕۆژە یاسایەک.

پێشتر عادل عەبدولمەهدى سەرۆکوەزیرانى دەستلەکارکێشاوەى عێراق داوای دانیشتنى بە پەلەی پەرلەمانی کرد بۆ ئەوەى بە فەرمی هەڵوێستى عێراق لەسەر ئەم ڕووداوەى فرۆکەخانەى بەغدا دیاریبکرێت.

ڕاشیگەیاند، ئەم کارەى ئەمریکا پێشێلی ڕێککەوتنى نێوان عێراق و ئەمریکایە کە تێیدا بوونى سوپای ئەمریکا لە عێراقدا تەنها بۆ دژایەتی داعش و مەشق و ڕاهێنانە بە سوپای عێراق.

بەرەبەیانى ئەمڕۆ هەینى ٣ى کانونى دووەمى ٢٠٢٠ بەهۆى بۆردومانکردنى دوو ئۆتۆمبێل لە نزیک فرۆکەخانەى بەغدا، قاسم سولەیمانى فەرماندەى سوپاى فەیلەقى قودسی ئێران و ئەبو مەهدى موهەندیس جێگرى سەرۆکى دەستەى حەشدى شەعبی  و هەشت فەرماندەى باڵاى سەربازى ئێران و حەشدى شەعبى کوژراون.‏

ب.ب