سەردێڕ:

پۆلیسی شاری نیویۆرک خرایە ئامادەباشییەوە

فۆتۆ: 
2020-01-03

19888 جار خوێندراوەتەوە

پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی شاری نیویۆرکی ئەمریکا بۆ ئەگەری هێرشی ئێران لە تۆڵەی کوشتنی قاسم سولەیمانی، خراونەتە ئامادەباشییەوە.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، بیڵ دی بلاسیۆ، پارێزگاری نیویۆرک لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا ڕایگەیاندووە، "لەوکاتەی ئەو لایەنەی هەڕەشەدەکات دەوڵەتێکی وەکو ئێرانە و گروپێکی ناحکومی وەکو قاعیدە و داعش نییە، ئەوا پێویستە بە جدی بابەتەکە وەربگرین و بەوبۆنەیەشەوە، پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی نیویۆرک خراونەتە ئامادەباشییەوە".

هاوکات، هێزە ئەمنییەکانی شارەکە ڕایانگەیاندووە، "پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان بەناو شەقام و شوێنە گرنگەکانی شارەکەدا بە چڕی بڵاوبوونەتەوە و لە ئامادەباشیدان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێکی کتوپڕی ئێران کە وەکو تۆڵەکردنەوە ئەنجامیبدات".

ئەوەش هاتووە، بەرپرسانی شاری نیویۆرک پێیانوایە ئەگەری بەئامانجگرتنی شارەکەیان، ئەگەرێکی بەهێزە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە هێرشێکی ئەمریکادا لە بەغدا، هەریەک لە قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس و ژمارەیەک سەرکردەی باڵای حەشدی شەعبی کوژران.

هـ.ب