سەردێڕ:

​قاسم سولەیمانی کێیە؟

فۆتۆ: 
2020-01-03

6305 جار خوێندراوەتەوە

قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێران یەکێکە لە کەسایەتییە سەربازی و سیاسییەکانی ئێران کە ماوەی چەند ساڵێکە لە شانۆی ڕووداوە سیاسیی و سەربازییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کاریگەری هەبوو، شەوی ڕابردوو لە بۆردومانێکى ئەمریکادا لە بەغدا کوژرا.

سولەیمانی لە ١١ی ئازاری ساڵی ١٩٥٧ لە شارەدێی ڕابور لە ویلایەتی کرمان لە خێزانێکى کشتوکاڵی لەدایکبووە.

ئەزمونى سەربازی:

لە ساڵی ١٩٨٠ پەیوەندی بە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە کردووە و لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا بەشداری شەڕی ئێران ـ عێراقی کردووە و بووەتە فەرماندەی لیوایەک بە ناوی "تۆڵەی خودا" و دواتر هەڵبژێردراوە لە ڕیزی ١٠ فەرماندەی کاریگەری ئێراندا.

لە ساڵانی نەوەدەکاندا بووەتە بەرپرسی سەربازی کۆنترۆڵکردنی سنورەکانی ئێران - ئەفغانستان و نەهێشتنى بە قاچاخبردنی ماددەى هۆشبەر  لەو سنورانەوە.

لە ساڵی ١٩٩٨دا بووەتە فەرماندی گشتى سوپای قودس لە دوای ئەحمەد وەحیدی.

لە ساڵی ١٩٩٩ و کاتێک "شۆڕشی خۆپیشاندانی خوێندکارانی ئێران" دەستیپێکرد هەڕەشەی لە محەمەد خاتەمى سەرۆک کۆماری ئەو کات کرد کە ئەگەر خۆپیشاندانەکە سەرکوت نەکات ئەوا سوپای پاسداران ئەو کارە دەکات و کودەتای لە دژ دەکات.

 سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا بڵاویانکردووەتەوە، لە ساڵانی ١٩٩٦ بۆ ١٩٩٧ قاسم سولەیمانی دەستی هەبووە لە مەشقکردن بە هەزاران چەکدار لە بۆسنە و ناردنیان بۆ  ئەفغانستان، لەو کاتەدا شەڕو پێکدادان لە نێوان ئێران و تاڵیباندا هەبووە.

لە ساڵی ٢٠١١ پلەی سەربازی سولەیمانی لە لیواوە بۆ فەریق لەلایەن عەلی خامنەییەوە بەرزکرایەوە و لە دوای کوژرانەکەشی ئەمڕۆ خامنەیی نازنازی "شەهیدی زیندووی" لێنا  .

سولەیمانى بە فەرمانی ڕاستەوخۆی عەلی خامنەیی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی ئێران بوو لە هەریەک لە وڵاتانی لوبنان و عێراق و ئەفغانستان و یەمەن و بەشێوەیەک پلانی ناردنی بیرۆکەى شۆڕشی باڵای ئیسلامی ئێرانی بۆ ئەو وڵاتانە جێبەجێدەکرد.

لە ساڵی ٢٠١٢ دا لەدوای هەڵگیرسانی جەنگى ناوخۆی سوریا و  قاسم سولەیمانی فەرماندەی چەکدارەکانی خزبوڵای لوبنانی و دەیان گروپی سوری و عێراقی کرد لە دژى ئۆپۆزسیۆنی سوریا و لە ماوەی ساڵێکدا بەشێکى دیاری خاکی سوریا بۆ ڕژێمی بەشار ئەسەد گێڕایەوە.

سەبارەت بە عێراقیش لە دوای کەوتنى موسڵ بە دەستى داعش، قاسم سولەیمانی ڕاستەوخۆ فەرماندەی چەندین شەڕی کردووە لە ناو عێراقدا دژ بە داعش، هادی عامری لەو بارەیەوە دەڵێت " ئەگەر سولەیمانى نەبوایە داعش هەموو عێراقی دەگرت و حکومەتى عەبادی نەدەما".