سەردێڕ:

مایک پۆمپیۆ: بەتوندی بەرپەرچی هەر هێرشێکی ئێران و گروپەکانی دەدەینەوە

مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا
فۆتۆ: ئاژانسەکان
2019-12-31

9251 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باس لەوەدەکات وڵاتەکەی بە توندی بەرپەرچی هەر هێرشێکی ئێران و ئەو گروپانە دەداتەوە کە "شەڕی بە وەکالەت" بۆ تاران دەکەن.

ئەو قسانەی مایک پۆمپیۆ لە میانی چەند پەیوەندیەکی تەلەفونیدابوون لەگەڵ هەر یەک لە بنیامین ناتانیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە و محەمەد بن زاید شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی.

مۆرگان ئۆرتێگاس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەو بارەوە رایگەیاندووە، پۆمیۆ لە پەیوەندیە تەلەفونیەکانیدا باسی لەوەکردووە گورزە ئاسمانیەکانی وڵاتەکەی هەنگاوێکی بەرگریکارانەبووە بەرامبەر بە هێرشەکانی حزبوڵای عێراق و لە تۆڵەی هێرشەکەی ئەو گروپە بووە بۆ سەر سەربازگەی کەی وەنی کەرکوک کە بووەتە هۆی کوژرانی بەڵێندەرێکی مەدەنی ئەمریکی و برینداربوونی چەند سەربازێکی ئەمریکی و عێراقی.

راشیگەیاندووە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، ئەمینداری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان رایگەیاندووە، ئامانج لەو هێرشانەیان پاشگەزکردنەوەی ئێرانە لە بەردەوامیدان بە هێرشەکانی بۆسەر بنکە سەربازیەکانی هاوپەیمانان لە عێراق.

رۆژی یەکشەممە ئەمریکا رایگەیاند، پێنج بنکە و بارەگای کەتیبەکانی حزبوڵای عێراقی کردووەتە ئامانج و ئەوەشی بە پەیامێکی روون بۆ ئێران و گروپەکانی سەر بەو وڵاتە ناوبردبوو کە هێرش دەکەنە سەر بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا.