سەردێڕ:

تەکنەلۆژیایەکی نوێی ئەمریکی بۆ کۆنترۆڵکردنی موشەکی دژەفڕین ئاشکراکرا

سەربازی ئەمریکی لەکاتی بەکارهێنانی چەکی سەرشانی دژەفڕین
فۆتۆ: ئاژانسەکان
2019-12-31

5912 جار خوێندراوەتەوە

شارەزایەکی ئەڵمانی ڕایگەیاندووە، ئەمریکا تەکنەلۆژیایەکی نوێی بۆ چەکی سەرشانی دژەفڕین زیادکردووە کە تەنها لە ناوچەیەکی جوگرافیای دیاریکراودا کاردەکات.

جۆس وێتزڵ، کە شارەزایەکی ئەڵمانی بواری چەکی پێشکەوتووە، لە کۆنفرانسێکی تایبەت بە ئاسایشی تەکنەلۆژی، کە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، ڕاگەیاندووە، "لە ساڵی ٢٠١٧دا ویکیلیکس ئەم بابەتەی بڵاوکردەوە، کەچی گرنگییەکی ئەوتۆی پێنەدرا، بەڵام لەڕاستیدا ئەمریکا ماوەیەکی زۆرە پەرەی بە تەکنەلۆژیایەک داوە و خستوویەتیە سەر چەکی سەرشانی دژەفڕین تا ئەگەر ڕادەستی گروپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی کرد، دواتر، لە دژی خۆی بەکاری نەهێندرێتەوە".

ئەو شارەزایە ڕاشیگەیاندووە، تەکنەلۆژیاکە بەجۆرێک لە چەکەکەدا جێگیرکراوە کە جی پی ئێسی تێدایە و جگە لەو ناوچەی بۆی دیاریکراوە، توانای کارکردنی لە هیچ ناوچەیەکی دیکە نابێت. هاوکات، کاتێکی تایبەتی بۆ دیاریکراوە (بۆ نمونە بۆ ماوەی دوو مانگ کاربکات)، دوای ئەو ماوەیە، ئەگەر ئەمریکا خۆی ماوەکەی بۆ نوێ نەکاتەوە، ئەوا توانای کارکردنی نابێت و بێسود دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمریکا ئەو جۆرە چەکانەی ڕادەستی گروپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی لە سوریا کردووە و دڵنیایشە کە جگە لە سوریا، لە هیچ شوێنێکی دیکە کاریان پێناکرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمریکا لە ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا و بەمەبەستی کردنە دەرەوەی سوپای یەکێتی سۆڤیەت لە ئەفغانستان، هاوکاری سەربازیی بۆ ڕێکخراوە موجاهیدییە یاخییەکانی ئەو وڵاتە نارد، بەڵام ئەو گروپە چەکدارانە دواتر چەکەکانیان لە دژی ئەمریکا خۆی بەکارهێنایەوە.

هـ.ب