سەردێڕ:

ژمارەی کوژراوانی حەشدی شەعبی بۆ ٢٥ کەس بەرزبووەوە

فۆتۆ: 
2019-12-30

11830 جار خوێندراوەتەوە

حەشدی شەعبی رایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی چەکدارانیان لە بۆردومانکردنى بارەگاکانیان بۆ ٢٥ کەس بەرزبووەوە و ٥١ چەکداریش برینداربوون.

جواد کازم بەڕێوەبەرى بەرێوەبەرایەتى جموجوڵەکانى حەشدى شەعبى دواین ئامارى کوژار و بریندارانى بۆردومانکردنى بارەگاکانیان لە پارێزگاى ئەنبار بڵاوکردەوە، کە کرایە سەر لیواى ٤٥ و ٤٦ى حەشدى شەعبى و ئاماژەى بەوەکرد، ٢٥ چەکداریان کوژراون و ٥١ چەکدارى دیکە برینداربوون و بارەگاکانیان بە تەواوى وێرانکراون و زیانى زۆریش بەرناوچەکە کەوتووە.

وتیشى ژمارەى کوژراوەکان زیاتر دەبن بەهۆى ئەوەى برینى زۆربەى بریندارەکان سەختن ولە مەترسیدان.

هاوکات دوای بۆردوومانکردنی بارەگاکانی حەشدی شەعبی، چوار موشەک ئاراستەی بنکەی سەربازی تاجی تایبەت بە هێزە ئەمریکییەکان کراوە.

لە دوای هێرشەکەی ئەمریکا بۆسەر بارەگای سەرەکی حزبوڵای سەر بە حەشدی شەعبی، چەند بەرپرسێکی عێراقی هاتنە دەنگ و لە ناویشیاندا، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی دەستلەکارکێشاوەى عێراق ڕایگەیاند، "ئەو کارە هەڕەشەیە بۆ سەر سەروەری عێراق و هەر کارێکی تاکلایەنانەی هێزەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی و یان هەر هێزێکی دیکە لە عێراقدا ڕەتدەکەینەوە".

شەوى رابردوو ٢٩ى کانونى یەکەمى ٢٠١٩، هێزەکانی ئەمریکا بە فڕۆکەى بێفڕۆکەوان پێنج بارەگای حزبوڵاى عێراقى و حەشدی شەعبییان لە پارێزگای ئەنبار لە خۆرئاواى عێراق بۆردومان کردووە و بەرپرسانی ئەمریکاش دەڵێن، لە عێراق و سوریا بارەگای سەرەکی حزبوڵایان بۆردوومان کردووە.

ئەو بارەگایانەى بۆردومانکراون، هیزى پاڵپشتى چەکى قورس بووە، کە موشەکى دوور مەودا و کورت مەوداى تێدابووە، ئەوەش وەک وەڵامێکى ئەمریکابووە لەبەرامبەر رووداوەکەى شەوى ٢٧ى ئەم مانگە کاتێک بە موشەک هێرشکرایەسەر سەربازگەی کەی وەن لە باکورى خۆرئاواى کەرکوک و بەهۆیەوە بەڵێندەرێکی مەدەنی ئەمریکی کوژرا و چەند سەربازێکیش برینداربوون.

ب.ب