سەردێڕ:

دوو دادوەری کورد بە ئەندامی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق هەڵبژێردران

فۆتۆ: 
2019-12-29

3683 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ پرۆسەی تیروپشك بۆ ئەو شەش دادوەرەی لەلایەن ئەنجومەنی دادوەری هەرێمەوە بۆ بەغدا نێردرابوون ئەنجامدرا و هەریەكە لە دەهام ئەكرەم عومەر و عومەر ئەحمەد محەمەد بە ئەندامی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق هەڵبژێردران.

ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردەوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە، ٢٩ی كانونی یەكەمی ٢٠١٩، ئەنجومەنكە بە شێوازی تیروپشك هەستاوە بە دەستنیشانكردنی نوێنەرانی كورد لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق كە لە ٨ دادوەر پێكهاتوون و دووانیان پشكی هەرێمی كوردستانن.

لەبارەی وردەكاری شێوازی دەستنیشانكردنەكەشەوە لەبەیانامەكەدا هاتووە، ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق ناوی ئەو دادوەرانەی هەرێم بۆ بەغدای ناردووە كردووە بە دوو گروپەوە كە یەكێكیان نوێنەرانی هەولێر و دهۆك بوووە و ئەوی تریان نوێنەرانی سلێمانی بوون، لە دادوەرانی هەولێرو دهۆك دەهام ئەكرەم عومەر ناوی دەرچووە و لە دادوەرانی سلێمانیش عومەر ئەحمەد محەمەد لە تیروپشكەكەدا ناوی دەرچووە.

دیارکردنی ئەو دوو دادوەرە لە کاتێکدایە، دوێنێ، لەتیف مستەفا ڕەخنەی لە شێوازی هەڵبژاردنی دوو دادوەرە كوردەکەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق گرد و رایگەیاند، بە نهێنی و بە حزبی دادوەرەكان هەڵدەبژێردرێن دادوەرانی دیکە ئاگادارنەکراونەتەوە.

روونیشیکردەوە، ئەو كارە پێچەوانەی ماددەی ١٦ى دەستوری عێراقە و دەبێت رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و حیزبەکانی غەیری دوو حیزبی دەسەڵات بەوە ڕازی نەبن.