سەردێڕ:

ڕۆژهەڵاتی ئاسیا.. یادی تسونامییەکەی ٢٠٠٤ دەکرێتەوە

ئەنجامی تسونامییەکە، ئیندۆنیزیا
فۆتۆ: ئاژانسەکان
2019-12-26

3024 جار خوێندراوەتەوە

لەڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا و لە ٢٦ی کانونی یەکەمی ٢٠٠٤دا، بومەلەرزەیەک بەگوڕی ٩.١ پلەی ڕیختەر لە وڵاتانی ئیندۆنیزیا، سریلانکا، هیندستان، تایلەند و نۆ وڵاتی دیکەی ئەو ناوچەیەی دا و لە ئاکامدا، نزیک بە ٢٣٠ هەزار کەس گیانیانلەدەستدا و ئەمڕۆ یادی دەکرێتەوە.

ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ لە هەریەک لە وڵاتەکانی ئیندۆنیزیا، سریلانکا، هیندستان، تایلەند و نۆ وڵاتی دیکەی ئەو ناوچەیە یادی قوربانیانی تسونامییەکەی ساڵی ٢٠٠٤ دەکەنەوە کە تێیدا، بە دروستی ٢٢٧ هەزار و ٨٩٨ کەس گیانیانلەدەستدا.

ئەوەش هاتووە، ڕزگاربوانی بومەرزەکە یادی مردووەکانی تسونامییەکە دەکەنەوە و لە وڵاتی ئیندۆنیزیا کە زیاتر لە ١٢٥ هەزار کەس گیانیانلەدەستدا، ئەمڕۆ وەکو ڕۆژێکی نیشتیمانی پڕ لە ئازار دێتە هەژمار و خەڵکی یادەکە دەکەنەوە.

هاوکات، لە تایلەندیش کە هەر بەهۆی بومەلەزەکەوە زیاتر لە ٥ هەزار و ٣٠٠ کەس گیانیانلەدەستدا، ئەمڕۆ یادەکە دەکرێتەوە و ڕێککەوتەکەشیان ناوناوە "ڕۆژی نیشتیمانی ڕێگرتن لە ڕووداوی کارەساتبار".

ئەوەش لەکاتێکدایە، بومەلەرزەکەی ٢٠٠٤ی ئەو بەشەی زەوی هێندە بەهێزبوو کە سەدان شەپۆلی گەورەی زەریای هیندی بەرەو ناوچە وشکاییەکانی ئەو وڵاتانە خستە جوڵە و بەوەش، تسونامی درووستبوو. تسونامی بریتییە لە شەپۆلی گەورەی زەریایی کە بەهۆی بومەلەرزەی زۆر بەهێزەوە ڕوودەدات.

هـ.ب